یەکێتیی مامۆستایان: قوتابخانە هەیە تەنیا بەڕێوەبەرەکەی مامۆستای دامەزراوە و ئەوی دیکە هەمووی وانەبێژن

 
رووداو دیجیتاڵ

چەند رۆژێکە مامۆستایانی وانەبێژ لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە گرد دەبنەوە و داوادەکەن بە فەرمی دابمەزرێن. سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستانیش دەڵێت، ساڵانە پێویستیان بە دوو - سێ هەزار مامۆستایە و دوا چارەسەر ئەوەیە کە حکومەت وانەبێژان بکاتە گرێبەست یان دایانبمەزرێنێت.
 
بەشێکی مامۆستایانی گرێبەست و وانەبێژ لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە ناڕەزایەتی دەردەبڕن و گرد دەبنەوە؛ کێشەکەیان لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە لە ساڵی 2013وە تاوەکو ئێستا هیچ مامۆستایەک دانەمەزرێندراوە.
 
عەبدولواحید محەممەد، سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، "لە سنووری پارێزگای سلێمانیدا زیاتر لە 7000 مامۆستای وانەبێژ هەن. ئێمە وەکو یەکێتیی مامۆستایان چاوەڕێ دەکەین کێشەکە قووڵتر ببێتەوە و زیانێکی زۆر گەورە لە رەوتی خوێندن بدات ئەگەر چارەسەر نەکرێت. بۆیە دوا چارەسەر ئەوەیە کە حکومەت ئەو وانەبێژانە بکاتە گرێبەست یان دایانبمەزرێنێت".
 
قوتابخانەکان بەردەوام پێویستیان بە مامۆستای تازەیە، چونکە ساڵانە ژمارەی قوتابیان زیاد دەکات، هاوکات ساڵانە ژمارەیەکی زۆر مامۆستا مۆڵەتی بە مووچە و بێمووچە وەردەگرن و خانەنشین دەبن، بەوەش بەردەوام کێشەی نەبوونی مامۆستا هەیە.
 
بە گوتەی سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، ساڵانە 500 - 600 مامۆستا خانەنشین دەبن و چەندین مامۆستا مۆڵەت وەردەگرن، "بۆیە ساڵانە پێویستمان بە دوو - سێ هەزار مامۆستایە".
 
عەبدولواحید محەمەد گوتیشی، "ئێستا ئێمە کێشەکەمان گەورە بووە، چونکە قوتابخانەمان هەیە کە تەنیا بەڕێوەبەرەکەی مامۆستای دامەزراوە و ئەوی دیکە هەموویان وانەبێژن. لە ئاکرێ، پێنجوێن، سەیدسادق، زاخۆ، سۆران و چۆمان کێشەمان هەیە".
 
ساڵانە وا پێویست دەکات مامۆستا دابمەزرێندرێت، بەڵام کە نەکراوە پەنا براوەتە بەر وانەبێژان و بۆشاییەکان بە ئەوان پڕکراوەتەوە، بۆیە ئێستا بووەتە شتێکی پێویست کە کێشەکەیان چارەسەر بکرێت.
 
سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، ئەوان وەکو یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان بەرلەوەی دەوام دەستپێبکاتەوە، "لە پشووی هاویندا داوامان لە وەزارەتەکانی پەروەردە و دارایی کرد کە کێشەی مامۆستایانی وانەبێژ چارەسەر بکەن و بە هەڵپەسێردراوی نەیهێڵنەوە. بەداخەوە هیچ وەڵامێکی فەرمییان نەبوو. مامۆستایانی وانەبێژیش ناهەقیان نییە، چونکە لە مانگی 2ی پارەوە هیچ کرێیەکی وانەبێژییان وەرنەگرتووە. لەسەر گیرفانی خۆیشیان هاتووچۆی دەرەوەی شارەکان دەکەن. دەبوو وەڵامێکی زۆر جیددی بۆ کێشەی مامۆستایان هەبووایە".
 
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 21 هەزار مامۆستای وانەبێژ هەن کە 18%ـی میلاکاتی وەزارەتی پەروەردە پڕدەکەنەوە.