رێکخەرێکی فیستیڤاڵی هەنار: نزیکەی 200 هەزار گەشتیار سەردانی هەڵەبجەیان کرد

رووداو - هەولێر

رۆژی 14ی ئۆکتۆبەر، فیستیڤاڵی هەنار و پاییزی هەڵەبجە دەستیپێکرد و ماوەی سێ رۆژ بەردەوام بوو، یەکێک لە رێکخەرانی فیستیڤاڵەکە دەڵێت، بە بەهای نزیکەی 600 ملیۆن دینار فرۆشیان هەبووە.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 20-10-2021، ئەرسەلان عابید، ئەندامی لیژنەی رێکخەرانی فیستیڤاڵی هەنار و پاییزی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بەرنامەیان هەیە فیستیڤاڵی هاوشێوە لە بەهاردا بکەنەوە بۆ بەرهەمە خۆماڵییەکان.
 
ئەرسەلان عابید دەڵێت، "بەپێی ئەو بەدوداچوونانەی کردوومانە، بە بەهای نزیکەی 600 ملیۆن دینار فرۆش لە فیستیڤاڵەکەدا هەبووە" و گوتیشی، لە دەروربەری فیستیڤاڵەکەش دەیان ملیۆن دینار فرۆشی کاسبکاران هەبووە.
 
لیژنەی رێکخەرانی فیستیڤاڵەکە شەش کەس بوون؛ ئەرسەلان عابید گوتی، ئەگەر بەرپرسانی هەڵەبجە هاوکاریی باشتریان بکەن، دەتوانن ساڵانە دووبارەی بکەنەوە، "هەرچەندە ئامادەکاریی زۆری دەوێت".
 
ئەرسەلان عابید گوتیشی، ئامارەکان ورد نین، بەڵام لەو رۆژانەدا نزیکەی 200 هەزار گەشتیار سەردانی هەڵەبجەیان کردووە.
 
بە گوتەی ستار کەمال، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەڵەبجە بۆ رووداو، ساڵانی رابردوو نزیکەی 35 هەزار تۆن هەنار بەرهەم هەبووە، بەڵام ئەمساڵ کەمبارانی ئەو بڕەی بۆ کەمتر لە 25 هەزار تۆن دابەزاندووە.