رووداو دیجیتاڵ
پارتی دیموکراتی کوردستان لە درێژەی سەردان و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ حیزب و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سەردانی چەند حیزب و لایەنێکی دیکە دەکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە 20-10-2021 عەلی حوسێن، بەرپرسی پەیوەندییە نیشتمانییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان کاژێر 2:30 خولەکی دوای نیوەڕۆ سەردانی حیزبی زەحمەتکێشان و کاژێر 3:30 خولەک سەردانی پارتی کرێکاران و رەنجدەرانی کوردستان دەکات، هەروەها کاژێر 4:30 خولەک لەگەڵ هەشت حیزب و لایەنی کریستیان کۆدەبێتەوە.
کەیفی هادی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی مەکتەبی پەیوەندییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، کاژێر 4:30 پارتی لە عەنکاوا لەگەڵ ئەنجوومەنی گەلی کلدانی، حیزبی بەیت نەهرەین، قەوارەی شلاما، بزووتنەوەی گردبوونەوەی سریانی، رێکخراوی کلدو ئاشووری، حیزبی یەکێتیی دیموکراتی کلدانی، رابیتەی کلدانی و پارتی بەیت نەهرەینی نیشتمانی کۆدەبێتەوە.
دوای ئەوەی رۆژی دووشەممەی رابردوو، شاندی پارتی سەردانی شاری سلێمانیان کرد و لەگەڵ چەند حیزبێک کۆبوونەوە، رۆژی سێشەممە 19-10-2021 سەردانی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئیسلامییان کرد لە هەولێر.
شاندەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان پێکهاتوون لە فازڵ میرانی، مەحموود محەممەد، پشتیوان سادق، عەلی حوسێن و دڵشاد شەهاب.
لەبارەی ئامانجی سەردانەکان، پێشتر مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی پێشتر بۆ رووداو قسەی کرد و گوتی، "تەنیا بۆ بەسەرکردنەوەیەوە و بە هیچ شێوەیەک" گفتوگۆی سیاسی ناکەن، باسی لەوەش کرد، گفتوگۆی سیاسی دەمێنێت بۆ کاتێکی دیکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ