رۆژنامەڤانێکی بەلجیکی و کامێرامانێکی رووداو لە شەڕەکەی پردێ بریندار بوون

رووداو - هەولێر

رۆژنامەڤان و فۆتۆگرافەرێکی بەلجیکی بەناوی جوناثان را جيسبيرت لە شەڕەکەی شارۆچکەی پردێی نێوان پێشمەرگە و حەشدی شەعبی بریندار بوو. ئەو داوای پشتیوانی بۆ کورد و پێشمەرگە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات. هەروەها کامێرامانێکی رووداویش بەناوی سامان غەنی بریندار بوو.

جوناثان را جيسبيرت لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوای هەولێر قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی: "من خەڵکی بەلجیکام، رۆژنامەنووسی فریلانسم و دوو ساڵە لە کوردستان کاردەکەم، دەمەوێ ئەوە بڵێم کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتگیری زیاتری کوردستان بکات، لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا پێشمەرگە زەحمەتیی زۆری بینیوە، پێشمەرگە شەڕی زۆری لە دژی داعشدا کردووە، ئێستاش بارودۆخەکە لەگەڵ حەشدی شەعبییە و پێویستە چاوەکان بکرێنەوە و بزانن ئێستا لە کوردستان چی روودەدات؟".
 
ئەو رۆژنامەڤانە تەمەنی 41 ساڵە و پێشتر لە رۆژئاوای کوردستان کاری کردووە، لەبارەی دۆخی تەندروستیی خۆی گوتی: "من باشم، بەڵام لە هەمانکاتدا هەست بە خەمباری دەکەم بەرامبەر بە پێشمەرگە و ئەوەی روودەدات. من باشم و بیر لە خۆم ناکەمەوە، بیر لە پێشمەرگە دەکەمەوە کە هێشتا لە بەرەکانی پێشەوەن".

ئەو داواشی لە هەردوولا کرد شەڕ رابگرن و دەست بە گفتوگۆ بکەن و گوتی: "پێش هەموو شتێک هەوڵی گفتوگۆ بدرێت، شەڕکردن ئاسانە، بەڵام بەرپاکردنی ئاشتی زۆر گرانە، هەر بۆیە گفتوگۆ و گفتوگۆ و گفتوگۆ".

دوای پاشەکشێی پێشمەرگە و کۆنترۆڵکردنی کەرکووک و دەوروبەری، رۆژی هەینی 20-10-2017 هێزە عێراقییەکان لە شارۆچکەی پردێی سەر بە کەرکووک و نزیک لە هەولێر هێرشیان کردە سەر هێزەکانی پێشمەرگە و هەوڵیاندا کۆنترۆڵی بکەن، هێزەکانی پێشمەرگەش رووبەڕوویان بوونەوە و شەڕ و پێکدادان دروستبوو.

فەرماندەیی گشتیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی شەڕەکە بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "تائێستا هەموو هێرشەكان تێكشكێندراون و زیاتر لە 10 هامەر و تانكێكی ئەبرامز لەنێوبراون".

سامان غەنی، کامێرامانی رووداو باسی برینداربوونی و دۆخی تەندروستیی خۆی دەکات

پێداچوونەوە: دەرباز ساڵح