فەلاح مستەفا: لە هەرێمی كوردستانەوە چەكدار رەوانەی سووریا ناكرێ

20-10-2013
کەریم مودەڕیس
نیشانەکردن فەلاح مستەفا دەوڵەتی کوردستان
A+ A-
رووداو- BBC

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی BBCرەتی دەکاتەوە هەرێمی کوردستان چەکدار رەوانەی سووریا بکات.

فەلاح مستەفا، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە وەڵامی پرسیارێكی پێشەكەشكارەكەدا سەبارەت بە دروستبوونی دەوڵەتی كوردی، گوتی: "ئێمە خۆزگە دەخوازین كە هەلومەرجی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی لەبار بێ بۆ درووستبوونی دەوڵەتی كوردی، بەڵام ئەمە تەنیا خەونێكە‌و جێی خۆزگەی هەموو كوردێكە".

فەلاح مستەفا گوتیشی "لەسەر ئەرزی واقیع بارودۆخەكە جیاوازەو ئێمە لەلایەن خۆمانەوە لە هەرێمی كوردستانی عێراق پابەندین بە دەستووری عێراقەوە بۆئەوەی عێراقێكی فیدراڵی و دیموكراسی و فرەیی بونیاد بنێین".

سەبارەت بە وەرگرتنی ئەزموون لە هەرێمی كورستان لەلایەن پارچەكانی دیكەی كوردستان بەتایبەت رۆژئاوا، فەلاح مستەفا گوتی "ئێمە هەڵوێستمان روونەو دەمانەوێ كێشەكانمان بە رێگەی ئاشتییانەو گفتوگۆ چارەسەر بكەین و رێككەوتن هەبێت لەنێوان گەلی كوردو ئەو وڵاتانەی كە تێیدا دەژین و هەر بەشێكیش تایبەتمەندی خۆی هەبێت، بەڵام ئێمە ئومێدی ئەوە دەخوازین كە هەموولایەك سوود لە ئەزموونی هەرێمی كوردستانی عێراق وەربگرن".

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان رەتیكردەوە لە هەرێمی كوردستانەوە مەشق بە چەكدارانی پارتێكی رۆژئاوا بكرێ و رەوانەی سووریا بكرێنەوە‌و گوتی "تاوەكو ئەم ساتەوەختە كەسێك لە كوردستانەوە نەچووە، هەروەها لەبەر ئەوەی  بابەتی سووریا ئێستا لەوە تێپەڕیوە كە تەنیا كێشەیەكی نێوخۆیی بێت، بەڵكو بووەتە كێشەیەكی نێودەوڵەتی و ناوچەیی و لەلایەن زۆر لایەنەوە دەستتێوەردانی بۆكراوە، بەڵام ئێمە ئەوەمان نەكردووەو دەستمان وەرنەداوەتە كاروباری نێوخۆی ئەو وڵاتەوە".

لە وەڵامی پرسیاری "ئایا بارزانی نەیگوتووە ئێمە دەچینە سووریا بۆ بەرگریكردن لە كوردەكانی سووریا؟"، فەلاح مستەفا گوتی "نەخێر بارزانی گوتی ئێمە بەهەر شێوەیەك كە پێمان بكرێت بەرگریی لە كوردەكانی سووریا دەكەین، كە مەبەستی بەرگری سیاسی، دارایی و ئابووری بوو".

جەختیكردەوە یارمەتیدانی كوردانی رۆژئاوای كوردستان مەرج نییە كە سنوور بەزاندن بێت‌و گوتی "ئێمە نامانەوێ سنوور ببەزێنین و دەستوەردان بكەین، چونكە ئێمە دەزانین سووریا وڵاتێكی دراوسێیەو سەروەریی خۆی هەیە، بەڵام مەسەلەكە بریتییە لەبەرگریكردن لە گەلی كوردستان".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە