رووداو دیجیتاڵ
وەزیری گواستنەوەی عێراق رایگەیاند ژوورێکی ئۆپەراسیۆنی تایبەت بە پڕۆسەی هێنانەوەی عومرەکانی هەرێمی کوردستان لە سعودیە پێکهێنراوە و رۆژانە چوار گەشت بۆ ئەو مەبەستە دەبێت و تاوەکو رۆژی سێشەممە هەموویان دەگەڕێندرێنەوە.
رەزاق محێبس سەعداوی، وەزیری گواستنەوەی عێراق لە لێدوانێکدا بە سۆشیاڵ میدیای وەزارەتەکەی راگەیاندووە: "پلانێکی خێرامان بۆ بەڕێکردنی عومرەکان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا بۆ سعودیە و بە پێچەوانەوە دەستپێکردووە. بۆ ئەو مەبەستە ژوورێکی ئۆپەراسیۆنی تایبەت پێکهێنراوە و کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی عێراق دەستی بە گەشتەکانی بۆ گواستنەوە و هێنانەوەی عومرەکان لە سعودیەوە بۆ عێراق کردووە و رۆژانە چوار گەشت بۆ ئەو مەبەستە دەکرێت."
بەشێک لەو عومرەکارانەی لە سعودیە ماونەتەوە کوردن، لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە و بەدیاریکراوی رۆژی شەممە، 14ـی ئەیلوولی 2024، گیریان خواردووە و بەهۆی نەبوونی فڕۆکە و ستافی پێویستی فڕۆکەوانی نەیانتوانیوە بە فڕۆکەکانی هێڵی ئاسمانیی عێراق بگەڕێنەوە.
وەزیری گواستنەوەی عێراق دەڵێت: "تاوەکو رۆژی 24ـی ئەم مانگە سەرجەم عومرەکارەکان دەگەڕێندرێنەوە." گوتیشی، ژمارەیەک فڕۆکەی نوێ و گەورە بۆ گەڕاندنەوەی عومرەکاران تەرخاندەکرێت.
بە گوتەی وەزیری گواستنەوەی عێراق لەماوەی سێ رۆژی رابردوودا رۆژانە 600 بۆ 800 عومرەکار گواستراونەتەوە.
پێنجشەممە، 19-9-2024، شێخ نیاز نەقشبەندی، بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بە هەوڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کێشەی گەڕاندنەوەی عومرەکاران چارەسەر کراوە.
بە گوتەی نەقشبەندی ئەمڕۆ هەینی کاروانی یەکەم کە 260 عومرەکار دەبێت دەگەڕێندرێنەوە، ئەوانەی دیکەش بە گوێرەی خشتەیەک لە رۆژانی داهاتوو دەگەڕێندرێنەوە کە ژمارەیان 1200 عومرەکارە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ