نووسینگەی کەرکووکی ناوچە کوردستانییەکان بۆ ئەو کوردانەی چوونەتە دەرەوەی کەرکووک: تکایە بگەڕێنەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسی نووسینگەی کەرکووکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکان دەڵێت، هەرێمی کوردستان شەش تێبینیی سەرەکیی لەسەر سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان هەیە، کە پەیوەندییان بە ناوچە کوردستانییەکانەوە هەیە. دەشڵێت، نزیکەی 300 هەزار کورد ناوچەکانی خۆیان بەجێهێشتووە و لەدوای 16ی ئۆکتۆبەری 2017شەوە نزیکەی 300 هەزار عەرەب و تورکمانی شیعە براونەتە کەرکووک.
 
کاروان عادل کەمەرخان، بەرپرسی نووسینگەی کەرکووک لە دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "داوا لە کوردی کەرکووک دەکەین، ئەوانەی بە هەر هۆکارێک بێت لە کەرکووک ناژین، تاوەکو رۆژی 5ی مانگی داهاتوو بگەڕێنەوە بۆ کەرکووک بۆئەوەی لە پڕۆسەی ژمارەدانان و گەمارۆسازی، کە قۆناخی یەکەمی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانە لە عێراق، ئامادە بن، چونکە بە ئەگەری زۆرەوە دوای ئەو رۆژە سیستەم دادەخرێت و رەنگە ئەوەی بەشدار نەبێت، نەتوانێت لە سەرژمێری گشتی دانیشتووان بەشدار ببێت و وەکو کەرکووکی هەژمار نەکرێن."
 
ئەو بەرپرسە لەبارەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانەوە کە حکومەتی عێراق بڕیاریداوە رۆژی 20-11-2024 بکرێت، ئاماژەی بەوە دا، هەرێمی کوردستان لانیکەم شەش تێبینیی لەسەر رێککارەکانی سەرژمێریی گشتی دانیشتووانەوە هەیە، کە سەرجەمیان پەیوەستن بە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان.
 
کاروان عادل کەمەرخان گوتی، "هەرێمی کوردستان داوایکردووە هاوشێوەی بەغدا، لە هەولێریش سەنتەرێکی داتابەیس هەبێت بۆ بینینی زانیارییەکان، هەروەها نوێنەرێکی هەرێمی کوردستان و بەغدا لەو دوو داتا بەیسە هەبن. جگە لەوە، دەبێت پڕۆسەکە تەنیا ئەلیکترۆنی نەبێت، چونکە هەستیارە، بەڵکو بە کاخەزیش بێت، چونکە ئەلیکترۆنی ئەگەری گۆڕانکاریی تێداکردنی زۆرە. جگە لەوەش، داوا کراوە ئەو 300 هەزار عەرەب و تورکمانەی لەدوای 16ی ئۆکتۆبەری 2017 هێندراونەتە کەرکووک چارەسەر بکرێت، هەروەها چارەسەرکردنی کێشەی نزیکەی 300 هەزار کورد کە لەدوای ساڵی 2004ەوە ناوچە کوردستانییەکانیان بەجێهێشتووە."
 
بە گوتەی کاروان عادل کەمەرخان، یەکێکی دیکە لە تێبنییەکانی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە پێویستە کارمەندانی سەرژمێری لە کەرکووک لە کورد و عەرەب و تورکمان بن و سێ کارمەند لە هەرسێ نەتەوە بچنە هەر ماڵێک، چونکە وەکو گوتی، "لە سەرژمێریی 1957 ئەو هەڵەیە کراوە، بەشێک لە ماڵە کوردەکان بە تورکمان هەژمار کراون، ئەوەش وایکردووە لەو سەرژمێرییە ژمارەی تورکمان زۆر زیاتر بێت لەوەی هەبووە."
 
وەکو ئەو بەرپرسە دەڵێت، لەدوای هێرشەکانی 16ی ئۆکتۆبەرەوە، تەنیا لە کەرکووک 10 گەڕەکی نوێ بۆ عەرەب دروستکراون، بەناوی دەوام و پاساوی دیکەوە لە پارێزگاکانی ئەنبار، نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و چەند پارێزگایەکی باشوور و ناوەڕاستی عێراق سەدان هەزار عەرەب هێندراونەتە کەرکووک. بە پێچەوانەوە هەندێک کورد لەدوای هێرشەکانی 16ی ئۆکتۆبەر ناتوانن بگەڕێنەوە کەرکووک، دەبێت ئەو کێشەیەش چارەسەر بکرێت و رێگەی گەڕانەوەیان پێبدرێت.
 
31ى ئایار تاوەکو 13ى حوزەیران سەرژمێریى ئەزموونى لە عێراق و هەرێمى کوردستان وەکو ئامادەکارییەک بۆ سەرژمێریی گشتی لە چەند گوند و شارۆچکەیەک کرا.
 
لە ساڵی 2009ـوە حکومەتی عێراق پلانی هەیە سەرژمێری بکات، بەڵام زۆر هۆکار رێگربوون لە ئەنجامدان و بەڕێوەچوونی. بڕیارە لە 20ى تشرینى دووەمى ئەم ساڵ بکرێت، کە یەکەمجارە لەدواى 37 ساڵ لە عێراق و هەرێمى کوردستان ئەو پرۆسەیە بکرێت.
 
دواین سەرژمێریی گشتیی لە عێراق لەساڵی 1987 بەڕێوەچوو کە سەرجەم ناوچە و پارێزگاکانی گرتەوە، بەڵام لەساڵی 1997 سەرژمێرییەکی دیکە کرا و پارێزگاکانی کوردستانی تێدا نەبوو.
 
بەپێی پێشبینییەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ژمارەی دانیشتووانی عێراق لەساڵی 2030ـدا دەگاتە 51 ملیۆن و 211 هەزار و 700 کەس.