لە مهاباد پێنج کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە رێگەی نێوان مهاباد و ورمێ پێنج کەس گیانیان لەدەستدا و سێ کەسی دیکەش برینداربوون.
رووداوەکە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ لەنێوان بارهەڵگرێک و دوو ئۆتۆمبێلی تایبەت لە جۆری پراید و پێژۆ روویدا.
فەرزین رەزازادە، سەرۆکی ناوەندی فریاکەوتنی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، پێنج کەس لە سەرنشینانی هەر دوو ئۆتۆمبێلە تایبەتەکە گیانیان لەدەستداوە و سێ کەسیش برینداربوون.
فەرزین رەزازادە ئاماژەی بەوە کرد، تەندروستیی دوو لە بریندارەکان ناجێگیرە.
رەزا پەناهی موقەدەم، فەرماندەی پۆلیسی رێگەوبانی پارێزگای ورمێ دەڵێت، رووداوەکە بەهۆی پێشکەوتنی بارهەڵگرەکە لە شوێنی رێگەپێنەدراو روویداوە.