مامۆستایانی وانەبێژ لە گەرمیان خێوەتی بایکۆتیان هەڵدا و داوای دامەزراندن دەکەن


رووداو دیجیتاڵ

دەوام دەستی پێنەکردووە، بەڵام مامۆستایانی وانەبێژ لەبەردەم پەروەردەی گەرمیان خێوەتی بایکۆتیان هەڵداوە، بڕیاریانداوە نەچنەوە هۆڵەکانی خوێندن، داواکاری سەرەکییان دامەزراندنیانە. 
 
ژمارەیەک مامۆستای وانەبێژ لە گەرمیان بە رووداویان گوت، "گرفتی سەرەکی ئێمە، خەرجکردنی شایستە داراییەکانمان نییە، بەڵکو گرفتە سەرەکییەکەمان خەم ساردییە بەرامبەر ماف و داواکارییەکانمان، بۆیە داواکارین دامانبمەزرێنن و گرفتەکانی مامۆستایانی وانەبێژ  چارەسەر بکەن." 
 
گرفتەکانی ئەو مامۆستا وانەبێژانەی ژنن، زیاترە بەراورد بە پیاوان، ئەوان دەڵێن، سەرباری خەرجنەکردنی شایستە داراییەکان و دانەمەزراندنیان، مۆڵەتی دایکایەتییان کەمە. 
 
میدیا عوسمان، مامۆستایەکی وانەبێژە و لەبارەی دۆخییانەوە دەڵێت، "مۆڵەتی وەزارەتی پەروەردە بۆ ئێمەی دایک، تەنها 21 رۆژە، من منداڵێکم هەیە، ئەگەر دەوام بکرێتەوە ناچارم لەگەڵ خۆم بیبەمە قوتابخانە، ئەگەر ئەو ببەم چۆن بتوانم وانە بڵێمەوە؟، بۆیە دامەزراندن چارەسەری ئەم کێشەیە و کێشەکانی دیکەشمان دەکات."  
 
پرۆسەی خوێندن لە سنووری گەرمیان پەکی کەوتووە، چونکە جگە لە وانەبێژان مامۆستایانی دامەزراو و گرێبەستیش بەهۆی دواکەوتنی مووچەکانیان، بایکۆتیان کردووە. بەرپرسانی پەروەردەی گەرمیان دەڵێن، چاوەڕێی دابەشکردنی مووچەن، بۆ ئەوەی مامۆستایان بایکۆتەکەیان بشکێنن.
 
دارا ئەحمەد، بەڕێوەبەری پەروەردەی گەرمیان بە رووداوی راگەیاند، "داوام کردووە لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دەوامدا [مامۆستایانی وانەبێژ و دامەزراو]یش بگەڕێنەوە سەر ئەرکەکانیان، چونکە ئەرکەکەیان پیرۆزە و پەیامی پیرۆز بڵاودەکەنەوە، هیوادارم لەدوای دابەشکردنی مووچە دەستبکەنەوە بە دەوام کردن." 
 
لە دوو پارێزگا و دوو ئیدارەی سەربەخۆ، تەنیا لە ئیدارەی راپەڕین لە نیوەی قوتابخانەکاندا دەوام هەیە، ئەوانی دیکە بایکۆتیان کردووە. مامۆستایانی وانەبێژیش دەڵێن، تاوەکو دانەمەزرێن، واز لە گردبوونەوە لەبەردەم پەروەردەکان نا‌هێنن.