بە درۆن هێرش کرایە سەر گوندێکی سەنگەسەر

رووداو دیجیتاڵ

لە گوندی ئێنزێی سەر بە ناحیەی سەنگەسەر ئۆتۆمبێلی هاونیشتمانییەکی گوندەکە بە مووشەکێک لە رێگەی درۆنەوە کرایە ئامانج، بەڕێوەبەری ناحیەکەش دەڵێت "رووداوەکە تەنیا زیانی ماددی هەبووە."
 
رۆژی چوارشەممە، 20-9-2023، نەهرۆ عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری ناحیەی سەنگەسەر، لەبارەی ئەو هێرشەی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ بە درۆن کرایە سەر گوندی ئێنزێ، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "درۆنێک، مووشەکێکی ئاڕاستەی ئۆتۆمبێلێک کردووە کە خاوەنەکەی دووکاندارێکی گوندی ئێنزێیە و لە ژێر سێبەری دارێک رایگرتبوو، بەڵام خۆشبەختانە رووداوەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە."
 
بەڕێوەبەری ناحیەی سەنگەسەر گوتی "پێشەوە و پشتەوەی ئۆتۆمبێلەکە زیانی بەرکەوتووە، بەڵام ئەوە نەبێت تەواو تێکشکابێت، ئەو دووکاندارە لەلای ئێمە و دامەزراوەکانی حکومەت ناسراوە و کەسێکە هەموو رۆژێک بە بازگەکاندا دەڕوات، مووشەکەکەش بە دیاریکراوی لە نزیک ئۆتۆمبێلەکە کەوتووەتە خوارەوە."
 
تاوەکو ئێستا دیار نییە درۆنەکە لە کوێوە ئاراستە کراوە و هیچ کەس و لایەنێکیش هێرشەکەی لە ئەستۆ نەگرتووە.