مەسرور بارزانی بۆ وەزارەتی دارایی: لەگەڵ گەیشتنی 700 ملیار دینارەکەی بەغدا دەست بە دابەشکردنی مووچە بکەن

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی و ئابووریی راسپارد لەگەڵ گەیشتنی پارە لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە، راسته‌خۆ و بێ دواکەوتن دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی تەممووز بکرێت.
 
بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، ئەمڕۆ (چوارشەممە، 20-9-2023) ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، یەکێک لە تەوەرەکانی تایبەت بوو بە خستنەڕووی پووختەی سەردانی شاندی باڵای حکومەت بۆ بەغدا لە 14-9-2023 بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، تایبەت بە مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.
 
لەدوای سەردانەکەی شاندە باڵاکەی حکومەت بۆ بەغدا، سەرەتای ئەم هەفتەیە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی بڕیاری دا بڕی دوو تریلیۆن و 100 ملیار دینار بە قەرز بە هەرێمی کوردستان بدات بۆ ماوەی سێ مانگ، واتا مانگانە 700 ملیار دینار، ئەمەش بۆ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
 
 
بەپێی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لە کۆبوونەوەکەدا سەبارەت بە سەردانەکەیان بۆ بەغدا رایگەیاندووە "یەک هەڵوێست و پشتبەست بە دەسەڵات و مافە دەستووریيەکان و بە داتا و زانیاری وردەوە، روونکردنەوەی پێویست بە سەرۆکایەتییەکانی فیدراڵیی و هێز و لایەنە سیاسییەکان درا و بە وردیی پێشنیاری چارەسەری هەنووکەیی و درێژخایەن بۆ دابینکردنی مووچە خرایەڕوو کە جێگەی رەزامەندیی لایەنە عێراقیيەکان بوو." 
 
لە کۆبوونەوەکانیدا شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشنیازی کورتمەودا و درێژخایەنیشیان کردووە "بۆ پێشنیاری درێژخایەن داوامان کرد، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم وەک شایستەیەکی یاسایی مووچەخۆر، جيا بکرێتەوە لە هەر ململانێ و جیاوازیيەکی بیروڕا، چونکە پێویستە هاوشێوەی مووچەخۆرانی دیکەی عێراق، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمیش خەرج بکرێت وەک مافێکی شایستەی خۆیان کە لە ناو خشتەکانی بودجەی فیدراڵ هەم ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێم و هەم تەرخانکراویی داراییان بۆ دەستنیشان کراوە و نابێت مووچە وابەستەی هیچ بکرێت."
 
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکدا سەرۆکوەزیران، وەزارەتی دارایی و ئابووریشی راسپارد "لەگەڵ گەیشتنی یەکەم گوژمەی پارەکە کە 700 ملیار دینارە، لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە، راسته‌خۆ و بە بێ دواکەوتن دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی تەممووزی مووچەخۆرانی هەرێم بکرێت."

 

 
هەرێمی کوردستان مانگانە پێویستی بە زیاتر لە 940 ملیار دینارە تەنها بۆ مووچە، وەکو وەزارەتی دارایی دەڵێت، ئەوەش جگە لە خەرجیی بەکاربردن و دامودەزگاکان و بودجەی وەبەرهێنان و تێچووی بەرهەمهێنانی کارەبا.
 
ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بەپێی یاسای بوجە، بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی دارایی، مانگانە زیاتر لە تریلیۆنێک و 374 ملیار دینارە، "تەنها بۆ مووچەی فەرمانبەران و خانەنشیان و پێشمەرگە مانگانە 906 ملیار دینار لە یاساکە تەرخان کراوە."