رووداو دیجیتاڵ
هاونیشتمانییەک کە ماوەیەک خۆی وەک سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای جووەکان لە هەرێمی کوردستان ناساند، رایگەیاند، موسڵمان بووە و دەستی لەکارکێشاوەتەوە و نوێنەرەکەیان لە وەزارەتی ئەوقاف بڕیار لە جێگرەوەی دەدات. نوێنەری جووەکانیش لە وەزارەتی ئەوقاف دەڵێت: "ئەوکەسە هیچ پاشخان و پێشخانێکی جووی نەبووە و یەک کەسیشی لەگەڵدا نەبووە."
رۆژی سێشەممە 20-9-2022، ئارام عیزەت کە وەکو خۆی دەڵێت، ماوەی شەش ساڵە سەرۆکی "ئەنجوومەنی باڵای جووەکان لە هەرێمی کوردستان"ـە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "دەستلەکاردەکێشمەوە و موسڵمانبوونی خۆم رادەگەیێنم؛ تەنیا هۆکار بۆ دەستلەکارکێشانەوەم رازیکردنی خودای گەورەیە."
سەبارەت بە جێگرەوەی لە داهاتوودا، ئارام عیزەت گوتی: "سەرۆکی ئەنجوومەنەکە بووم بە رێگەپێدراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی ئەوقاف. ئێمە نوێنەرێکیشمان لە ئەوقاف هەیە کە کاک شێرکۆیە. ئەنجوومەنەکە بڕیاری چی دەدەن یان نوێنەر لە ئەوقاف چی بڕیارێک دەدەن، ئازادن."
لەو بارەوە ئەمیر عوسمان، بەڕێوەبەری ئایینەکان لە وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستان رەتیدەکاتەوە هیچ پەیوەندییەکان بە ئارام عیزەتەوە هەبێت و رۆژی سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێمە لەگەڵ یەک کەس وەکو نوێنەری جووەکان لە هەرێمی کوردستان گفتوگۆ دەکەین و نوێنەری ئەوانە لە وەزارەت. شێرکۆ عوسمان تەنیا نوێنەری جووەکانە و بە فەرمانی وزاری لە کابینەی پێشووەوە دەستبەکارە و جگە لەو کەسی دیکە ناناسین."
هاوکات شێرکۆ عوسمان، نوێنەری جووەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی هەرێمی کوردستان رۆژی سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو کەسە وەهمێکی بۆ خۆی دروستکردووە. من لە میدیاکانەوە بینیم و نازانم مەبەستی چییە. بەدڵنیاییەوە هیچ پاشخان و پێشخانێکی بە ئایینی جووەوە نەبووە و نییە."
شێرکۆ عوسمان گوتیشی: "ئەو کەسە [ئارام عیزەت] دەڵێت سەرۆکی 'ئەنجوومەنی باڵای جووەکان لە هەرێمی کوردستان'ـە، من تەحەدای دەکەم لە مێژوودا شتێکی هاوشێوەی ئەو ناوە لە نێو جووەکاندا هەبووبێت. ئەو کەسەش تەنیا خۆیەتی و یەک کەسیشی لەگەڵدا نەبووە؛ دەیەوێت سەرنجی میدیا بۆ خۆی رابکێشێت، ئینجا نازانم مەبەستی چییە."
لە دوای ساڵی 1951 وڵاتینامەی عێراقی لە جووەکانی عێراق و باشووری کوردستان وەرگیرایەوە. ئێستا ئامارێکی دروستی جووەکان لە هەرێمی کوردستان بەردەست نییە. نوێنەرەکەیان لە وەزارەتی ئەوقاف دەڵێت، بەلایەنی زۆرەوە لەنێوان 60 بۆ 80 خێزانی جوو لە هەرێمی کوردستاندا ماون؛ ئەوانیش لە رێگەی پەیوەندیی کەسییەوە یەک دەناسن، ئەگەرنا خۆیان ئاشکرا ناکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ