هەڤاڵ ئەبوبەکر لەبارەی کێشەی زەویوزار: دوورین لە هەر زیادكردنێكی شاراوە و ئاشكرای بازرگانیكردن
رووداو دیجیتاڵ
دوای تۆمەتبارکردنی بە تاپۆکردنی خانوویەکی حکومی لەسەر بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتییەکی سلێمانی، هەڤاڵ ئەبوبەکر تۆمەتەکانی رەتکردەوە و رایگەیاند، ئەو بەڕێوەبەرە نیشتەجێی خانووەکە بووە و هەوڵی بەردەوامی داوە بۆ تاپۆكردنی ئەو موڵكە لەسەرخۆی و هەموو رێكارێكی یاسایی و كارگێڕیی گرتووەتەبەر.
لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ سێشەممە 20-9-2022 بڵاویکردوەتەوە، هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی دەڵێت: "ئێمە نە خەمڵاندنمان کردووە، نە تاپۆمان کردووە؛ تەنها یاساییانە و کارگێڕییانە وەڵامی پرسیاری لیژنەی باڵای تەملیککردنی خانووە حکومییەکانمان داوەتەوە."
لە راگەیێندراوەکەی پارێزگاری سلێمانیدا هاتووە: "لەم ماوەیەدا یەك، دوو پەرلەمانتاری پەرلەمانی كوردستان و پەرلەمانی عێراق، بێ بەڵگە و ناڕەوایانە، دەیانەوێت پارێزگاری سلێمانی ئێستا كە تەنها پارێزگاری كوردستان و عێراقە لە رێگەی دەنگی رەوای خەڵكەوە هەڵبژێردراوە و كار بۆ خزمەت، نەوەك دەستكەوت بۆ حكومەتی هاووڵاتی نەك حیزبی دەكات، لەبەردەم رای گشتیدا بئاڵێننە ئەو كارە نایاسایی و ناكارگێڕیی و ناڕەوا و چەتەگەرییانەی كە وڵاتەكەی تێدا نغرۆكراوە."
هەڤاڵ ئەبووبەکر دەڵێت: "هەموو هاووڵاتییان دڵنیا دەكەمەوە ئێمە دوورین و دوور دەبین لە هەر كارێكی نایاسایی و هەر بەرژەوەندییەكی تایبەتی و حیزبی، هەر زیادكردنێكی شاراوە و ئاشكرای بازرگانیكردن بە داوا رەواكانی خەڵك و دەنگ و رەنگ و سەنگ و خوێن و ئیرادە و تێكۆشان و هەڵوێست و بڕیاریانەوە."
سەبارەت بەوەی دەگوترێت پارێزگاری سلێمانی تۆمەتبارە بە تاپۆكردنی موڵكێكی پارێزگای سلێمانی لەسەر رەئووف مەلیك موزەفەر، هەڤاڵ ئەبووبەکر چەند خاڵێکی خستووەتەڕوو کە بریتین لەمانە:
1- ئەم موڵكە لە پاشماوەی خانووی ئەمنەكانی سەردەمی رژێمی رووخاو بووە كە لە راپەڕینەوە كەوتنە دەست خەڵكی تێكۆشەر و راپەڕیوی سلێمانی. ناوبراو لەوێ نیشتەجێ بووە و دواتر ئەو موڵکە لە 14-2-2010دا تۆمارکراوە بەناوی پارێزگای سلێمانییەوە بەپێی بڕیاری ژمارە (196)ی رۆژی 14ی شوباتی 2010ی دەستەی چارەسەرکردنی کێشەی موڵکداریی خانووبەرە. لە (30/8/2010)و بە فەرمی داوا لە پارێزگاری ئەوكاتەی سلێمانی كرا كە ئەو موڵكە بەكرێ تەرخانبكات بۆ نیشتەجێی خانووەكە (ملازمی یەك/ رەئووف مەلیك موزەفەر) تا بەپێی رێنمایی ژمارە (5224) لە (26/3/2008)دا كرێی مانگانەی لێوەربگیرێت. پارێزگاری ئەوكاتەی سلێمانی بە فەرمانی كارگێڕی ژمارە (28/1/4118) لە (14/2/2011)دا فەرمانی تەرخانكردنی بەكرێی داوە.
2- ئەم هاووڵاتییە وەك هەر هاووڵاتییەكی نیشتەجێی خانوو و موڵكە حكومییەكان هەوڵی بەردەوامی داوە بۆ تاپۆكردنی ئەو موڵكە لەسەر خۆی و هەموو رێكارێكی یاسایی و كارگێڕیی گرتووەتەبەر و دۆسییەیەكی زیاتر لە (600) لاپەڕەیی ئەو بابەتە لە بەشی موڵكایەتیی پارێزگامان پارێزراوە؛ لەگەڵ ئەوەی نە خۆی و نە خێزانی سوودمەند نەبوون لە وەرگرتنی هیچ مووڵكێكی نیشتەجێبوون، بەڵام هەمیشە داواكە لەلایەن پارێزگامان و بەڕێوەبەرێتیی خانووبەرەی میری سلێمانییەوە رەتكراوەتەوە، چونكە خاوەندارێتییەكەی لە (2010)ەوە خراوەتە سەر پارێزگامان.
3- بۆ جاری كۆتایی ئەم داوایە خراوەتە بەردەم لیژنەی باڵای تەملیككردنی خانووە حكومییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە وەزیری دارایی سەرۆكایەتی دەكات بە ئەندامێتیی هەریەك لە بەڕێوەبەرە گشتییەكانی تۆماركردنی خانووبەرە، باجەكان و خانووبەرەی میری، كارگێڕی و خۆیەتی وەزارەتی ناوخۆ، بە نووسراویان ژمارە (5053)ی (8/12/2020) وەك هەموو ئەوشوێنانەی ئەم نووسراوەیان بۆ رۆیشتووە؛ داوایان لێكردووین ئایا ناوبراوی ناو ئەم نووسراوە و نیشتەجێی ئەم موڵكە یان خێزانەكەی سوودمەندبوون لە وەرگرتنی موڵكی حكومی یان نا؟ ئێمەیش نووسراومان كردووە بۆ هەموو فەرمانگە و یەكە كارگێڕییە پەیوەندیدارەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی و بە نووسراوی فەرمی، هەموویان وەڵامیان داوینەتەوە كە سوودمەند نەبوون و ئەم وەڵامە و هاوپێچەكانیمان ئاراستەی لیژنەی باڵای تەملیككردن كردووە، بەپێی یاسا و رێنماییەكان بێ ئەوەی داوای تەملیككردن یان رەزامەندیی تەملیككردنیمان دابێت.
4- بەهیچ جۆرێك پارێزگاری سلێمانی دەسەڵاتی تاپۆكردنی زەوی و موڵك و ماڵی نییە. ئەم موڵکە بەپێی بڕیاری ژمارە (48)ی رۆژی (29/11/2021)ی لیژنەی باڵای تەملیككردنی خانووە حكومییەكان بڕیاری تەملیككردنی بۆ دراوە و تەنیا وێنە دراوە بە پارێزگای سلێمانی بۆ ئاگاداری و بەپێی یاسا لیژنەی باڵا لایەنی بڕیاردەرە لە هەر بابەتێكی لەم شێوەیەدا.
5- خەمڵاندنی ئەم موڵكە بەپێی رێنمایی تەملیككردنی خانووە حكومییەكانی ساڵی (2004) كراوە، لە رۆژی (14/6/2011)دا بە واژۆی سەرۆكی لیژنەی لاوەکی تەملیككردنی خانووە حكومییەكان ئەو بڕە دیاریكراوە و بە نووسراوی ژمارە (14955) لە (14/6/2011)دا و بەفەرمی ئاراستەی لیژنەی باڵای تەملیككردنی خانووە حكومییەكان كراوە و لە بڕیاری ژمارە (48)ی رۆژی (29/11/2021) لەلایەن لیژنەی باڵاوە پەسندكراوە و هیچ پەیوەندی بە پارێزگاری ئێستای سلێمانییەوە نییە.
هەڤاڵ ئەبوبەکر دەڵێت، پارێزگامان بەفەرمیی رێكاری یاسایی پێویست بەرامبەر هەر كەس و لایەنێك دەگرێتەبەر كە بەبێ بەڵگە هەوڵی دروستكردنی تۆمەت و ناوزڕاندنی پارێزگار یان هەر بەڕێوەبەر و فەرمانبەرێكی دەوڵەتی یان لەكەداركردنی ئەم دامەزراوە هەڵبژێردراوە بدات.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا، پارێزگاری سلێمانی داوا لە فەرمانگەی داواكاری گشتیی پارێزگای سلێمانی دەكات كە "لەپێناوی دەرخستنی راستییەكان و ئاراستەكردنی ئەو كەسانەی ئارامیی خەڵك و ئاسایش و ئاشتیی كۆمەڵایەتی و متمانەی دامەزراوە دەوڵەتییەكان و نەزمی گشتیی دەخەنە مەترسییەوە رێكاری یاسایی پێویست بگرێتەبەر و پارێزگای سلێمانیش ئامادەیە وەك هەمیشە نووسراو و بەڵگە و بڕیارەكان بخاتە بەردەست و ئامادەین بۆ هەر لێپرسینەوەیەك."
هەڤاڵ ئەبوبەکر ئاماژەی بەوەش کردووە، دەرگایان کراوەیە بۆ هەر کەس و پەرلەمانتار و دامەزراوەیەک کە بە خەمی بنکۆڵکردن و زانینی راستییەکان و بەدواداچوونی یاساییانە بۆ هەر دۆسییەیەک بکات.
سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە نووسراوێکدا کە رۆژی سێشەممە 20ـی ئەیلوول بڵاویکردەوە، رایگەیاند: "بە نووسراوی پارێزگاری سلێمانی و بە ملیۆنێک و 393 هەزار دینار خانوویەکی حکومی لە گەڕەکی ئاشتی تاپۆ دەکات لەسەر کەسێک کە ئێستا بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتییەکی سلێمانییە. ئەو بڕە پارەی وەرگیراوە بۆ ئەو خانووە لەو شوێنەی سلێمانی پارەی نیو مەتری زەویەکەیەتی."