رووداو دیجیتاڵ
پارێزەری ئیمان سامی ناسراو بە ماریا سام رایگەیاند، براکەی ماریا بە 15 ساڵ زیندانی سزادرا و مامەکەشی ئازادکرا، چونکە براکەی لە پێش دادوەر دانی بە تاوانەکەدا ناوە و گوتوویەتی، "من ئەو کارەم کردووە" و، مامی ئاگاداری هیچ نەبووە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 20-9-2022، هەرێم رەفعەت، پارێزەری کەیسی ماریا سام بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: دادگەی هەولێر براکەی ماریای بە گوێرەی ماددەی 406 بە 15 ساڵ زیندانیکردن سزاداوە. ماددەی 406 تایبەتە بە کوشتنی بە ئەنقەست.
بە گوتەی پارێزەرەکەی ماریا، ئەوان بەڵگەیان هەبووە کە مامی ماریاش دەستی لەو کارە هەبووە، بەڵام براکەی لە دانیشتنی ئەمڕۆ بە دادوەری گوتووە، "من تاوانەکەم کردووە و مامم ئاگاداری هیچ نەبووە."
ئیمان سامی مەغدی، ناسراو بە ماریا سام کاژێر 23:00ـی شەوی یەکشەممە 6-3-2022 لە شەقامی 100 مەتریی هەولێر کوژرا.
هەرێم رەفعەت ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێمە تێبینیمان لەسەر کەیسەکە هەبووە و پێشتریش باسمان کردووە، یەکێک لەوانە لە 6ـی ئادار ماریا کوژرا لە 24ی نیسان دادگەی لێکۆڵینەوە کارەکانی تەواو کرد و کەیسەکەی رەوانەی دادگەی تاوانی هەولێر کرد؛ لە 8ـی ئایار کەیسەکە گەیشتووەتە دەستی دادگە، ئەوەش جێگەی گومانە، چونکە دوای کوشتنی ماریا بە مانگ و نیوێک لێکۆڵینەوە لە کەیسەکە کۆتاییهات، ئەمڕۆ دووبارە داوامان لە دادگە کرد، لێکۆڵینەوە لە کەیسەکە بگەڕێتەوە قۆناخی سەرەتا، چونکە چەندین حاڵەتی نایاسایی لە پەڕاوەکە هەبووە، بەڵام داواکەمان وەرنەگیراوە."
بە گوتەی هەرێم رەفعەت، یەکێک لە تێبینییەکانیان کە لەبەرچاو نەگیراوە، گەڕانەوەی لیستی زانیاری پەیوەندی نێوان تۆمەتباران و تاوانلێکراو بوو، بۆ ئەوەی بزانین ئەو رۆژە پەیوەندی بە چەند کەسەوە کردووە، بەڵام ئەو پەیوەندییانە نەگەڕانەوە، دووەمیش ئەوەیە پۆلیس دەڵێت: کاژێر 11:30 چوونەتە سەر تەرمەکە، بەڵام پزیکشکی داد دەڵێت، کاژێر 10 تەرمێک بە ناوی ئیمان سامی هاتووەتە لایان، ئەوەش پێچەوانەیە، چونکە دەبێت هەر تەرمێک کاژێر 11:00ـی شەو لە پۆلیس بوو لە 11:30 خولەک لە پزیشکی دادی بێت نەک پێچەوانەکەی.
دایکی ماریا، 17 ساڵ بەر لە ئێستا بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی لە هاوسەرەکەی جیابووەتەوە. رۆژی چوارشەممە 14-9-2022، لە دوای دووەم دانیشتنی دادگە گوتی: "لەوە دڵنیام کوڕەکەم بکوژ نییە، ئەگەر بکوژیش بێت ئەوە کەسێک پێی کردووە."
دایکی ماریا لە پێش دادگە داوای کرد دادوەر بە دۆسیەی ماریادا بچێتەوە و گوتی: "کوڕەکەم بکوژ نییە، کوڕەکەم مێشکی تێکچووە، ئەو منداڵە،" بەڵام نەیشاردەوە کە کوڕەکەی پێشتر چەکی هەڵگرتووە. بەڵام دواجار برای ماریا دانی بە تاوانەکەیدا ناوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ