وشکەساڵی و شەڕی تورکیا و پەکەکە هەنگوینی دهۆکیان کەمکردووەتەوە

21-09-2021
هونەر رەشید
فیستیڤاڵی هەنگوین و بەرهەمی خۆماڵی لە دهۆک
فیستیڤاڵی هەنگوین و بەرهەمی خۆماڵی لە دهۆک
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

حاجی میکائیل 28 ساڵە سەرقاڵی کاری هەنگەوانییە، ئەمساڵیش بە بەرهەمە خۆماڵییەکانی بەشداریی لە فیستیڤاڵی بەروبوومە خۆماڵییەکانی لە دهۆک کرد. ئەو خاوەنی 460 مێشە و ساڵانە دوو بۆ سێ تۆن هەنگوین بەرهەمدەهێنێت.
 
حاجی میکائیل دەڵێت، تاوەکو ئێستا بەشداریی لە فیستیڤاڵەکانی هەشت وڵاتی عەرەبی و ئەوروپی کردووە و نزیکەی 30 بڕوانامە و خەڵاتی جۆراوجۆری بۆ هەنگوینەکەی بردووەتەوە. دەڵێت، ئەوان پێیان خۆشە کە فیستیڤاڵی ناوخۆیی وەکو هاوکاری و پشتیوانی هەنگەوانان بەڕێوەبچێت. 
 
فیستیڤاڵەکە لە دوو ساڵی رابردوودا بەهۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆناوە بەڕێوەنەچووبوو. 
 
لە فیستیڤاڵەکەدا 15 هەنگەوان بۆ نمایشکردنی هەنگوینەکانیان هەڵبژێردرابوون، خەڵکێکی زۆر سەردانی فیستیڤاڵەکەیان کرد، هەر دوێنێ، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانیش فیستیڤاڵەکە و بەرهەمی خۆماڵیی جووتیارانی بەسەرکردەوە. 
 
لەکۆی دوو تۆن هەنگوین کە لە فیستیڤاڵەکەدا نمایشکران، زیاتر لە 500 کیلۆی لێ فرۆشرا. 
 
ساڵی رابردوو بەرهەمی هەنگوینی دهۆک 227 تۆن بوو، بەڵام پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ بەرهەمەکە بە رێژەی 50٪ کەم بکات. خورشید ئەحمەد، سەرۆکی کۆمەڵەی هەنگەوانانی دهۆکە و دەڵیت، کەمبوونەوەی هەنگوین بەشێکی بۆ وشکەساڵی و کاریگەریی شەڕی تورکیا و پەکەکە دەگەڕێتەوە. 
 
بەپێی ئاماری تۆڕی هەنگەوانانی هەرێمی کوردستان، لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان 35٪ـی هەنگوین زیادبووە، لە ناوچە چیایییەکانی سنووری پارێزگای هەولێریش 95٪ زیادیکردووە و قەرەبووی کەمیی هەنگوینی لە دهۆک کردووەتەوە. 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە