بەهۆی بۆردوومانی فڕۆکەکانی تورکیا لە باکووری کوردستان، دوو کۆڵبەر دەکوژرێن
رووداو دیجیتاڵ
فڕۆکەکانی تورکیا لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان رۆژهەڵات و باکووری کوردستان کاروانێکی کۆڵبەران دەکەنە ئامانج و بە هۆیەوە دوو کۆڵبەر دەکوژرێن.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە رووداوەکە لە ناوچەی سۆمای ورمێ کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوو کۆڵبەر بەهۆی بۆردوومانی فڕۆکەکانی تورکیا گیانیان لەدەستداوە و هەشت کەسیش لەلایەن هێزەکانی تورکیاوە دەستبەسەرکراون. دەشڵێت، "ئەو کۆڵبەرانە خەڵکی گوندی کورانن لە ناوچەی سۆمای ورمێ."
بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەکەی رووداو، کۆڵبەرەکان خەڵکی گوندی کۆرانن لە ناوچەی سۆمای ورمێ. بۆردوومانەکەش لە گوندی بڵند باسانی سەر بە گەوەر لە پارێزگای جۆڵەمێرگ بووە.
ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە ناویان سۆزدار ئەحمەدی، تەمەن 20 ساڵ و کوڕی کۆمیسەر و عەلیشان حەیدەری، تەمەن 18 ساڵ و کوڕی ئەفسەرـە. تاوەکو ئێستا ناسنامەی بریندارەکان و ئەوانەی دەستگیرکراون ئاشکرا نەکراوە.
لە 18ی کانوونی دووەمی ئەمساڵیش، کاروانێکی کۆڵبەرانی ئەو گوندە لە سنوورەکانی باکووری کوردستان ژێر رنووی بەفر کەوتن و پێنج کەس گیانیان لەدەستدا.