پێشمەرگەیەک بەهۆی برینداربوونی لە شەڕی داعش و شەڕی پردێ سێ ساڵە لە ماڵەوە کەوتووە

رووداو دیجیتاڵ

ئەو کاتەی کوردستان دەکەوێتە بەر پەلاماری داعش، لە فەللوجەوە دەگەڕێتەوە بۆ "پاراستنی نیشتمانەکەی"، لە یەکێک لە شەڕەکاندا خۆکوژیک خۆی بە هەمەرەکەیاندا دەتەقێنێتەوە و مێشکی بریندار دەبێت. دواتر لە شەڕی پردێ بەشدار دەبێت و برینە کۆنەکەی دەبێتە جەڵتە. ئێستا سێ ساڵە لەماڵەوە کەوتووە و چاوەڕیی یارمەتییە بۆ ئەوەی لە دەرەوەی وڵات چارەسەر بکرێت.
 
ناوی عەبدولواحید مووسا جەوهەرە، لەدایکبووی ساڵی 1984ـە و چوار منداڵی هەیە، لە گوندی پیرخولینی گردەسێنی ئاکرێ دادەنیشێ. لە ساڵی 2004 تاوەکو 2014 لە پشکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە لیوای کوردەکانی سوپای عێراق بووە. 
 
عەبدولواحید مووسا لەبارەی چۆنیەتیی برینداربوونی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەساڵی 2009 تاوەکو 2014 لە فەللوجە بووە، بەڵام لەساڵی 2014 کاتێک داعش پەلاماری کوردستانی دا بڕیاردەدات بگەڕێتەوە و شانبەشانی پێشمەرگە شەڕی داعش بکات.
 

عەبدولواحید مووسا لەدوای هاتنەوەی و بوون بە پێشمەرگە دەبێتە شۆفێری هەمەر، لە 20-10-2014 خۆکوژێک خۆی بە هەمەرەکەدا دەتەقێنێتەوە و سەری بەر جامی هەمەرەکە دەکەوێت و تووشی خوێن بەربوونی مێشک دەبێت. هەروەها بەهۆی ئەو گورزەی بەری دەکەوێت تووشی کێشە لە میزڵدانی دەبێت.
 

لە ساڵی 2017 لەکاتی هێرشی حەشدی شەعبی بۆسەر کەرکووک، بەو برینەی پێشووتریشەوە لە شەڕی پردێ بەشدار دەبێت عەبدولواحید مووسا گوتی، لە یەکێک لە ساترەکانی پێشمەرگە تووشی جەڵتە بووم و لەوکاتەوە تووشی ئیفلیجی قاچەکانم بووم و لەماڵەوە کەوتووم. 
 

بەگوتەی عەبدولواحید مووسا، نەشتەرگەریی بۆ کراوە و سەردانی تاران و ئوردنیشی کردووە، دوایینجار پێیانگوتووە چارەسەرت لە هیندستانە و دەبێ لەوێ چارەسەر بکرێت بۆیە داوا دەکات یارمەتیی بدرێت بۆ ئەوەی بتوانێ جارێکی دیکە لەسەر قاچەکانی بووەستێ و وەک خۆی دەڵێت "چەکەکەم هەڵگرمەوە بۆ پارێزگاری لە نیشتمان".