رووداو دیجیتاڵ
چەکدارانی رێکخراوی داعش لەساڵی 2014 تاوەکو 2015 تاوانبارن بە کۆمەڵکوژی و کوشتن و بڕین. زۆر جار پرسیار دەکرێت، کێ کۆمەڵکوژییەکانی داعش بە بەڵگە دەکات و ناوی ئەنجامدەرانیش دەداتە دادگا. تیمی لێکۆڵەران لە تاوانەکانی داعش ناسراو بە یونیتادی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە، کە لەوەتەی تیمەکە لە 2017 دامەزراوە، لە ورد و درشتی داعش دەکۆڵێتەوە.
رۆژی 18ی ئەیلوول، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بە کۆی دەنگ درێژکردنەوەی بڕیاری تیمی لێکۆڵینەوەی لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد)ی تاوەکو 18ی ئەیلوولی 2021 درێژکردەوە. درێژکردنەوەکە لە چوارچێوەی بڕیارنامەی (2544)ی 2020 و لەسەر داوای حکومەتی عێراق بووە.
کەریم ئەسەد ئەحمەد خان، سەرۆکی تیمەکە پێشوازی لە "کۆدەنگی"ی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش کرد، هاوکات بەڵێنیشی دا (یونیتاد) لەسەر کارکردنی لەگەڵ حکومەتی عێراق بەردەوام بێت بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە.
رێکخراوی یونیتاد:
-ساڵی 2017 بە بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایش دامەزراوە.
-لە ئابی 2018 دەستی بەکار کردووە و تاوەکو ئەیلوولی 2021 بەردەوام دەبێت.
-بەڵگەنامە لەسەر تاوانەکانی داعش کۆدەکاتەوە و دەیانپارێزێت.
-4 راپۆرتی پێشکەش بە ئەنجوومەنی ئاسایش کردووە.
- 600 هەزار ڤیدیۆ و 15,000 بەڵگەنامەیان لەسەر داعش کۆکردووەتەوە.
-ساڵانە بودجەکەی لانیکەم 20 ملیۆن دۆلارە.
یونیتاد سەرنجی لەسەر ئەو ئەندامانەی داعشە کە زۆرترین بەرپرسیارێتییان لە تاوانەکاندا هەیە، لەوانەش سەرکردایەتی و چەکدارە ناوچەیی و مامناوەندییەکانی ئەو رێکخراوە.
سەرنجی رێکخراوی یونیتاد:
-بەدواداچوون بۆ کۆمەڵکوژیی سپایکەر.
-هێرشەکانی سەر کوردانی ئێزدی لە ئابی 2014.
-تاوانەکانی داعش لە موسڵ لە ساڵانی 2014- 2015.
-تاوانەکانی داعش لەدژی کاکەییەکان، کریستیانەکان، شەبەک، تورکمان، شیعە و سوننە .
رێکخراوی یونیتاد لەسەر داوای قوربانیانی دەستی داعش پەیمانی داوە، سەرجەم ئەوانەی تاوانیان ئەنجامداوە لە دادگای سەربەخۆ و بێلایەنانە دادگایی دەکرێن.
دوایین راپۆرتی یونیتاد لە 27/5/2020 بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش
- تیمەکە 23.9 تێرابایت داتایان کۆکردووەتەوە.
- دوو ملیۆن داتای پەیوەندیی تەلەفۆنی کۆکراوەتەوە، کە پەیوەندییان بە تاوانەکانی دژی کۆمەڵگەی کوردانی ئێزدی لە شنگال هەیە.
- تیمەکە داتای نێو مۆبایل و میمۆری چەکدارانی داعشی لە هەواڵگری سوپای عێراق وەرگرتووە.
- تیمەکە دۆسێ و بەڵگەنامەی نووسراوی پەیوەندیدار بە چەکدارانی داعشی دەستکەوتووە.
- یونیتاد بەڵگەنامەی داعشی لەو ناوچانە دەستکەوتووە، کە ناوچەی کوردە ئێزدییەکانن و ئازادکراون.
-کوردانی ئێزدی زۆرترین تاوانیان بە دەستی داعش بەرامبەر کراوە.
-لە کۆی 6417 رفێندراوی کوردی ئێزدی، 1476 کەس لە دەستی داعش رزگارکراون.
یەکێکی دیکە لە کارەکانی تیمەکە کۆکردنەوەی زانیارییە لەسەر گۆڕە بەکۆمەڵەکان، بۆ ئەوەش لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و دامەزراوەی شەهیدانی عێراق، بەڕێوەبەرایەتیی بەشی یاسایی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمسیۆنی نێودەوڵەتیی کەسە شوێن بزرەکان هاوکاری کردووە.
لە مانگی ئاداری 2020 لەسەر دوو گۆڕی بە کۆمەڵی نزیک مووسڵ دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد، بەڵام بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و رێکارە تەندروستییەکانەوە، کارەکانی بۆ ماوەیەک هەڵپەساردبوو، بڕیاریانداوە لە نزیکترین کاتدا دەستپێبکەنەوە.
یونیتاد بە هۆی بڕیارنامەی ژمارە 2379ی ساڵی 2017ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دامەزراوە، کاری سەرەکییان کۆکردنەوە، پاراستن و کۆگاکردنی بەڵگەنامەیە لەسەر ئەو کارانەی داعش کە دەچنە خانەی تاوانی جەنگی، تاوانی دژی مرۆڤایەتی و جینۆساید کە لە عێراق کردوویانن.
تیمەکە بە شێوەیەکی فەرمی لە ئابی 2018ەوە دەستی بە کارکردن کردووە و سەرۆکی تیمەکە لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا چوار راپۆرتی پێشکەشی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە.
تێمی لێکۆڵینەوەکە بۆ ساڵی 2020، بودجەیەکی خەمڵێنراوی 21 ملیۆن دۆلاری هەیە. لە چوارچێوەی بڕیارنامەی 2379دا، سندووقێکی متمانە دروستکراوە، کە ئیستا قوبرس، دانیمارک، یەکێتیی ئەوروپا، هۆڵەندا، فیلیپین، قەتەر، سلۆڤاکیا، بەریتانیا، ئیماراتی عەرەبی و ئەمریکا هاویکاری دەکەن. ئەو وڵاتانە پێنج ملیۆن دۆلاریان پێشکەش بە سندووقی تیمە 129 کەسییەکە کردووە.
تیمەکە بەگشتی لەسەر چوار بنچینەی سەرەکی کاردەکەن:
- بەشێوەیەکی بێلایەنانەو سەربەخۆیانە کارەکانیان دەکەن.
- بۆ کۆکردنەوەی بەڵگەکان لەگەڵ هەموو لایەنە عێراقییەکان کاردەکات.
- پابەند دەبێت بە ستانداردە نێودەوڵەتییەکان و بەباشترین شێوە پراکتیزەیان دەکات.
- سەرنجی لەسەر ئەو کەسانە دەبێت کە بەرپرسیارێتی تاوانەکانیان لە ئەستۆدایە.
بە گوێرەی راپۆرتێکی تیمەکە کە لەساڵی 2019 پێشکەش بە نەتەوەیەکگرتووەکان کراوە، تیمەکە لە عێراق سەردانی دەیان شوێنیان کردووە، زیاتر لە 600 هەزار ڤیدیۆی داعشیان دەستکەوتووەو 15 هەزار بەڵگەنامەی رێکخراوەکەیان کۆکردووەتەوە، بۆیان دەرکەوتووە داعش "تاوانی دڕندانە"ی بەرامبەر خەڵک، بەتایبەت بەرامبەر کوردی ئێزدی کردووە.
کەریم ئەسعەد خان، سەرۆکی تیمەکە لەبارەی راپۆرتەکە دەڵێت: "ئەوەی زۆر بەلامەوە سەرنجڕاکێش بوو، تێکەڵبوونم بوو لەگەڵ پێکهاتەکانی قوربانی دەستی داعش لە عێراق، ئەو پێکهاتانەی تاوانیان بەرامبەر کراوە، بەدوای تۆڵەسەندنەوەش نین و نایانەوێت تۆڵە بکەنەوە، بەڵکو داوا دەکەن ئەوانەی تاوانیان بەرامبەر کردوون، لە دادگای سەربەخۆ و بێلایەنانە دادگایی بکرێن". دەشڵێت نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ دادگا نێودەوڵەتییەکان هەوڵی بەدیهێنانی دادپەروەری دەدات، دەبێت هەموو ئەوانەی تاوانیان کردووە لە ریزی داعش بە بەڵگەی ئاشکرا سزا بدرێن، بۆ ئەوەی دادگا سەربەخۆ و بێلایەنەکان هەڵوێستی خۆیان ئاشکرا بکەن و بڕیارەکان لەکاتی خۆیدا بمێنێتەوە.
کۆتایی مانگی ئایاری ئەمساڵ، تیمەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق رایگەیاند: "تیمەکەیان لەسەر سێ ئاست کاری کردووە، یەکەمیان کۆمەڵکوژی ئێزدییەکانە لە ئابی 2014، تاوانەکانی داعش لەنێوان 2014 بۆ 2016 ، هەروەها کۆمەڵکوژی سپایکەر" .
کەریم ئەحمەد خان، سەرۆکی تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە تاوانەکانی داعش لە عێراق لەکاتی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی ئاسایش لە رێگەی ڤیدیۆکۆنفرانسەوە لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ رایگەیاند، نەتەوە یەکگرتووەکان بەرنامەیەکی مۆبایلی بۆ کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر چەکدارانی داعش دروستکردووە، ئەو کچە ئێزدییانەی کە لەلایەن چەکدارانی داعشەوە دەستدرێژیی سێکسییان کراوەتەسەر و ئەوانەشی لەژێر دەسەڵاتی ئەو رێکخراوەدا تووندوتیژییان بەرامبەر کراوە، دەتوانن وێنە و بەڵگە و زانیارییەکانیان لەسەر ئەو بەرنامەیە دابنێن بۆ ئەوەی تیمی لێکۆڵینەوە بە ئاسانی بیاندۆزێتەوە و لێپێچینەوەی یاساییان لەگەڵدا بکات.
ئەو بەرنامەیە کە بڕیاربوو لە مانگی حوزەیرانەوە بکەوێتە کار، دەبێتە دەروازەیەک بۆ قوربانییانی کارەکانی داعش کە ژمارەیەکی زۆریان نەیانتوانیوە سکاڵا لەسەر مافخۆرەکانیان تۆماربکەن، لەبەر ئەوەی ژمارەیەکی زۆری ئەو قوربانییانە لەدوای تێکشکانی داعش بۆ دەرەوەی وڵات بەدوای ژیانێکی ئارامتردا کۆچیان کردووە. لە کاتێکدا تیمەکانی داکۆکیکردن لە مافی قوربانییان دەڵێن، ژمارەیەکی کەمی چەکدارانی داعش لێپێچینەوەی یاساییان لەگەڵدا کراوە.
کەریم ئەحمەد خان دەڵێت "ئێمە بەرنامەیەکی مۆبایل بەردەست دەخەین کە رێگە بە تیمی لێکۆڵینەوەکانی یو ئێن دەدات راستەوخۆ لەگەڵ رزگاربووان گفتوگۆ بکەن و کاربکەن. جا چ لە عێراق بێت، یان ئوسترالیا، یان ئەڵمانیا".
هەروەها سەرۆکی تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق باس لەوە دەکات کە ئەو رزگاربووانە دەتوانن بە پارێزراوی ناو و وردەکارییەکانی چەکدارانی داعشیان پێبدەن. "تەنانەت دەتوانن وێنە و زانیارییەکانی دیکەیان دابنێن بۆ ئەوەی بتوانین لێکۆڵینەوەکانمان فراوان بکەین و ئەنجامەکان بەدەست بهێنین".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ