پەیوەندییەكانی پارتی و كۆمەڵ لەوپەڕی ساردیدایە

20-09-2016
مەحموود یاسین کوردی
نیشانەکردن پارتی كۆمەڵ
A+ A-

رووداو- هەولێر

پەیوەندییەكانی پارتی و كۆمەڵ لەوپەڕی ساردیدایە و سەركردەیەكی پارتی دەڵێت‌ "ئاگامان لە یەكدی نەماوە". سەركردەیەكی كۆمەڵیش پارتی بە بەرپرسیاری ئەو ساردییە دەزانێت.

ئەحمەد كانی، ئەندامی سەركردایەتی پارتی بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند "لەگەڵ كۆمەڵی ئیسلامی پەیوەندییەكانمان لەوپەڕی ساردیدایە و تاڕادەیەك ئاگامان لە یەكدی نەماوە، هۆكارەكەش روون و ئاشكرایە كە لە كێشە نێوخۆییەكانی هەرێمی كوردستان برادەرانی كۆمەڵ رۆڵێكی خراپیان گێڕا، بە تایبەتی سكرتێری پەرلەمانی كوردستان كە دەبوو لە نێوان پارتی و گۆڕان رۆڵی نێوەندگیری و ئاشتەوایی بگێڕێت كەچی بەچوونە پاڵ گۆڕان كێشەكانی ئەم وڵاتەیان قوڵتر كردەوە".

ئەحمەد كانی، كە هاوكات بەرپرسی پەیوەندییە نیشتمانییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانە، دەشڵێت "پارتی دەرگای دانەخستووە و لەگەڵ ئاساییبوونەوەی پەیوەندی سەرجەم حیزبەكانە، بەڵام ئێمە كاری زۆرمان بۆ كۆمەڵ كردووە، بۆ نموونە بە شەش كورسی سكرتێری پەرلەمانمان پێدان، بەڵام لە پرسی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان تەوافوق شكاندن و قەیرانەكانیان گەورەتر كرد، جگە لەوە مامۆستا عەلی باپیر خۆی داوای لە جەنابی سەرۆك كرد كۆبوونەوە بە حیزبەكان بكات، كەچی لە كۆبوونەوەكە نە ئەمیری كۆمەڵ نە نوێنەریان ئامادە نەبوون، ئەمە پرسیار و گومان لای ئێمە دروستدەكات، كە هەڵوێستی كۆمەڵ بۆ بەمشێوەیەیە".

ئیسماعیل رەسوڵ، ئەندامی سەركردایەتی كۆمەڵ قسەكانی ئەو ئەندامانەی سەركردایەتی پارتی رەتدەكاتەوە و بە رووداوی راگەیاند "پارتی بە تەواوی گۆشەگیر بووە، پەیوەندی لەگەڵ حیزبەكان خراپە، ئەگەر خراپیش نەبێت ساردە، هەڵوێستی كۆمەڵ روون و ئاشكرا بوو لەسەر پرسی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، بەڵام ئەوان فشار دەخەنە سەر ئەندامانی كۆمەڵ و لەبەر هەڵوێستی سیاسیمان بەرامبەر قەیرانەكان. پارتی سەنگەری لە كۆمەڵ گرتووە".



ئیسماعیل رەسوڵ، كە هاوكات بەرپرسی مەڵبەندی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستانە لە هەولێر، دەشڵێت "ئێمە پەیوەندی باشمان لەگەڵ پارتی هەبوو، ئینجا دامودەزگا ئەمنییەكانی ئەو حیزبە كادیر و ئەندامانی ئێمەیان دەستگیر دەكرد، ئێستا كە هەڵوێستی تووندیان وەرگرتووە مامەڵەیان لەگەڵ ئەندام و لایەنگرانی ئێمە خراپترە، دەبێ‌ پارتی پرسیار لە خۆی بكات بۆچی پەیوەندی لەگەڵ هیچ حیزبێك خۆش نییە؟".

ئەو ئەندامەی سەركردایەتی كۆمەڵ رەخنەكانی پارتی لە سەر فەخرەدین قادر، سكرتێری پەرلەمان رەتدەكاتەوە و دەڵێت‌ "بەشایەتی هەموو لایەنەكان باشترین سكرتێری پەرلەمان بووە و زۆر پیشەییانە ئەركی خۆی بەجێگەیاندووە".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە