کارەبای سلێمانی: لەماوەی لێخۆشبوونی قەرزی کارەبادا 90 ملیار داهاتمان هەبووە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی کارەبای سلێمانی رایگەیاند، ئەمساڵ دۆخی کارەبا خراپتر بووە و مانگی تەممووزی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی پار سێ کاژێر کەمتر کارەبا دراوەتە هاونیشتمانیان.
سیروان محەممەد، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کارەبای پارێزگای سلێمانی لە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو کە محەممەد رەحیم پێشکێشی دەکات، رایگەیاند لە چوار ساڵی رابردوودا بە بەهای نزیکەی 90 ملیار دینار پرۆژەی ستراتیژی گرنگ لە سێکتەری کارەبا جێبەجێکراون.
پڕۆژەکانی جێبەجێکراون وەک سیروان محەممەد باسیان دەکات، پێکهاتوون لە: هێڵی کارەبای بازیان - رانیە کە درێژییەکەی 110 کیلۆمەترە، هەروەها هێڵی کارەبای سلێمانی - سەیدسادق و سەیدسادق - پێنجوێن و سەیدسادق - هەڵەبجە، هەروەها سێ وێستگەی مۆبایل دانراون. هەر لەو ماوەیەدا لەسەر بودجەی داهاتی 8٪ـی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان بە بەهای نزیکەی 70 ملیار دینار، پرۆژەی بچووک و مامناوەند لە سێکتەری کارەبای پارێزگاکەدا جێبەجێکراوە.
لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کارەبای سلێمانی بەبێ (هەڵەبجە و راپەڕین) 545 هەزار هاوبەشی کارەبا هەن، بە گوتەی سیروان محەممەد ، ساڵانە نزیکەی 20 هەزار هاوبەشی کارەبا زیاد دەبن، بەڵام ئەوە بە هۆکاری کەمبوونەوەی کارەبای نیشتمانی نازانێ و دەڵێت "ئەمساڵ دۆخی کارەبا لە ساڵی رابردوو خراپتر بووە و بەگوێرەی ئاماری بەردەستمان، تەممووزی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو، رۆژانە سێ کاژێر کەمتر کارەبا هەبووە."
سنووری پارێزگای سلێمانی رۆژانەی پێویستی بە نزیکەی هەزار و 600 مێگاوات کارەبا هەیە، گوتەبێژی کارەبای سلێمانی دەڵێت "رۆژانە لەنێوان 650 بۆ 700 مێگاواتمان هەیە، بەڵام خواست نزیکەی 1500 بۆ 1600 مێگاوات کارەبایە و بڕی بەرهەم نیوەی خواستیش نییە."
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە 27-03-2024ـەوە بڕیاری داشکاندنی 20%ـی لە پارەی کارەبا دەرکرد و، تاوەکو 31ـی تەممووز بەردەوام بوو. سیروان محەممەد دەڵێت، بڕی ئەو قەرزەی لای هاوبەشانە، مانگ بۆ مانگ کەم و زیاد دەکات و، ئێستا نزیکەی 450 ملیار دیناریان لای هاوبەشانە، هەروەها بڕیاری لێخۆشبوونی 20٪ـی قەرزی کارەبا، بەشێکی هاونیشتمانیان و هاوبەشانی کارەبا توانیویانە سوودمەندبن لێی، زۆرتریش هاوبەشانی پۆلی پیشەسازی و بازرگانی سوودیان لەو لێخۆشبوونە وەرگرتووە.
سیروان محەممەد گوتی "داهاتی کارەبا لە سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا 45 ملیار بووە، بەڵام لەو سێ مانگی لێخۆشبوونەکە گەیشتە 90 ملیار دینار، واتا بوو بە دووهێندە."
ئێستا بەشێک لە هاونیشتمانیان و کۆمپانیا و کارگەکان بۆ دابینکردنی کارەبا پشت بە وزەی خۆر (سۆلار ئینێرجی) دەبەستن. سیروان محەممەد دەڵێت، ئێستا نزیکەی 10 مێگاوات کارەبا لە پارێزگای سلێمانی لە رێگەی وزەی خۆرەوە بەرهەمدێت و رۆژانەش زیاد دەبێت.
گوتیشی، کارگەیەک لە بازیان داوایکردووە مۆڵەتی پێبدرێت بۆ بەرهەمهێنانی 50 مێگاوات کارەبا بۆ پرۆژەکەی خۆی و کۆمپانیایەکی دیکەش داوای پێشکێشکردووە بۆ بەرهەمهێنانی 10 مێگاوات کارەبا لە وزەی پاک.
گوتەبێژی کارەبای سلێمانی داوا لەو هاونیشتمانیانە دەکات، کە لەماڵەکانیان پشت بە وزەی خۆر (سۆلار ئینێرجی) دەبەستن بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان بکەن بۆ ئەوەی تۆمار بکرێن و ئەو کارەبایەی لێیان زیاد دەبێت، حکومەت لە جیاتی قەرزی سەریان لێیان وەربگرێت.