لە داقووق بەهۆی پێکدادانی دوو ماتۆڕ دوو مێرمنداڵی تاقانە گیانیان لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی پێکدادانی دوو ماتۆڕ لە گوندێکی سەر بە قەزای داقووق، دوو مێرمنداڵ گیانیان لەدەستدا. بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی داقووق دەڵێت: هەردوو مێرمنداڵەکە تاقانەی خێزانەکانیانن.
ئەمڕۆ سێشەممە، 20ـی ئابی 2024، د. فەرمان تاڵەبانی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی داقووق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "نزیک کاژێر 12:00ـی شەوی رابردوو، لە نزیک گوندی سنووری سەر بە قەزای داقووق، بەهۆی پێکدادانی دوو ماتۆر هەردوو شۆفێرەکە کە یەکێکیان تەمەنی 13 ساڵە و ئەوی دیکەیان 16 ساڵە، گیانیان لەدەستدا."
گوتیشی: "هەردوو ماتۆڕەکە رووبەڕوو لە یەکدیان داوە؛ یەکێکیان راستەوخۆ لە شوێنی رووداوەکە گیانی لەدەستداوە و ئەوی دیکە لە کاتی گەیاندنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە."
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی داقووق دەڵێت: "ئەو دوو مێرمنداڵەی گیانیان لەدەستداوە کوردی دانیشتووی گوندی سنوورن و هەردووکیان تاقانەی خێزانەکانیانن."