گوتەبێژی یەکێتی: لەگەڵ گۆڕینی پارێزگاری کەرکووک پۆستەکانی دیکەش ئاڵوگۆڕ دەکرێن

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
شیراز رەئوف
سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەکێتی
سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەکێتی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت، رێککەوتنی حکومەتی خۆجێیی کەرکووک دوو ستوونە و دوای دوو ساڵی دیکە ئەو دوو ستوونە بە هەموو پۆستەکانەوە ئاڵوگۆڕ دەکرێن.
 
سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆدا گوتی، "ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەکەن کە ژمارەیەکی زۆر پۆست لە کەرکووک کراوەتە قوربانی بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری کەرکووک نادروستن و رێککەوتنەکە لەسەر بنەمای دوو ستوون داڕێژراوە. ستوونێکیان پارێزگار و ژمارەیەک پۆستن و ستوونێکیشیان سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا و ژمارەیەک پۆستی دیکەن."
 
"دوو ساڵی دیکە کاتێک پۆستی پارێزگاری کەرکووک دەدرێت بە نەتەوەی عەرەب، ستوونەکە بە تەواوی ئاڵوگۆڕ دەکرێت و کورد پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا و ئەو پۆستانە وەردەگرێت کە ئێستا دراون بە عەرەب،" سەعدی ئەحمەد پیرە وای گوت.
 
رێککەوتن لەگەڵ پارتی
 
گوتەبێژی یەکێتی ئاماژەی بەوە کرد، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئامادەیە بۆ "هەموو رێککەوتنێک" لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک و، بۆ پێشاندانی نیازپاکیش، مەڵبەندی یەکێتی لە کەرکووک سەردانی لقی پارتی دیموکراتی کوردستانی لەو پارێزگایە کردووە.
 
سەردانەکەی یەکێتی بۆ لای پارتی رۆژی دووشەممە، 19ـی ئاب بوو. 
 
لەبارەی دەستنیشانکردنی رێبوار تەها لەلایەن یەکێتییەوە بۆ پۆستی پارێزگار، گوتەبێژی یەکێتی گوتی، بەپێی یاسا پێویست بوو پۆستی پارێزگار لەنێو ئەنجوومەنی پارێزگا بێت، هەر بۆیە سەرۆکی فراکسیۆنەکەیان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بۆ ئەو پۆستە دەستنیشانکردووە.
 
"ئەگەر لە دەرەوەی ئەنجوومەن کەسێک بۆ پۆستی پارێزگار دەستنیشان بکرایە، ئەوا یەکێتی ئاسۆ مامەندی دەستنیشان دەکرد، تاوەکو ببێتە پارێزگاری کەرکووک." ئەمە بە قسەی سەعید پیرە.
 
رۆژی 10ـی ئاب، ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک بە ئامادەبوونى نۆ ئەندام لە هۆتێل رەشید لە بەغدا کۆبووەوە و حکومەتى خۆجێیی هەڵبژارد و پۆستى پارێزگار درا بە کورد لە پشکى یەکێتى و پۆستى سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگاش درا بە نەتەوەی عەرەب.
 
پارتی دیموکراتی کوردستان و بەشێک لە نەتەوەی عەرەب و بەرەی تورکمانی بە فەرمی ناڕەزایەتییان لەو دانیشتنە دەربڕی و با نایاسایی دایاننا و گوتیان، ئەندامەکان بانگهێشتی کۆبوونەوەکە نەکراون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە