مێرمنداڵێک گورچیلەکانی لەکارکەوتوون و بۆ چارەسەر 'پێویستی بە 65 ملیۆن دینارە'

رووداو دیجیتاڵ 

دواڕۆژ خالید، گورچیلەیەکی لەکارکەوتووی بۆ دەرهێنراوە و گورچیلەکەی دیکەشی"بەتەواوی" لەکارکەوتووە، خێزانەکەی کەمدەرامەتن و توانای نەشتەرگەرییەکەیان نییە. پزیشکەکەی دەڵێت، "ژیانی لە مەترسیدایە".
 
دواڕۆژ لە تەمەنی یەک 18 مانگی نەخۆش کەوتووە؛ بەوهۆیەوە نەچووەتە قوتابخانە. قومری سڵێمان-ی دایکی لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو گوتی: "تاوەکو ئێستا 7 نەشتەرگەری جیاوازمان بۆ کردووە و دۆخی باش نەبووە. شەو و رۆژ لە رێگەی نەخۆشخانەم، دۆخی زۆر خراپە و خێرخواز هاوکاریمان دەکەن."

 

 

 

 

 
دواڕۆژ لە تەمەنی 5 ساڵی گورچیلەیەکی وەستاوە و دەرهێنراوە. ئێستا هەفتەی دووجار گورچیلەکەی دیکەی بۆ دەشۆردرێت.
 
ئەو مێرمنداڵە ئێستا گورچیلەکەی دیکەشی "بەتەواوی" لەکارکەوتووە. دکتۆر بڵند نەقشبەندی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی گورچیلە لە بەرپرسیار گوتی: "نەخۆشییەکەی دواڕۆژ سکماکییە، گورچیلەکەی دیکەشی بەتەواوی لەکارکەوتووە و پێویستی بە بە نەشتەرگەریی چاندنی گورچیلەیە"
 
 
بە گوتەی دکتۆر بڵند نەقشبەندی، شۆردنی گورچیلە چارەسەری یەکجاریی دواڕۆژ ناکات. "تەنیا چاندنی گورچیلە دەیگەڕێنێتەوە سەر ژیانی ئاسایی."
 
باوکی دواڕۆژ نەخۆشە و ناتوانێت کار بکات. خێزانەکە هیچ مووچەیەکیان نییە. 8 ئەندامی ئەو خێزانە لە گوندی مامیلیان لە سنووری قەزای رواندز دەژین.
 
کۆمەڵێک چالاکڤان و گەنجی خۆبەخش لە سنووری سۆران، لەماوەی رابردوو هەڵمەتێکی هاوکاری کۆکردنەوەیان بۆ خێزانی دواڕۆژ کردبوو. زانست حەکیم، یەکێک لەو چالاکڤانانە، بە رووداوی گوت: "تاوەکو ئێستا 25 ملیۆن دینارمان بۆ ئەو خێزانە کۆکردووەتەوە". بە گوتەی باوکی دواڕۆژ، نەشتەرگەرییەکە پێویستی بە 65 ملیۆن دینارە، چاوەڕێی خێرخوازن بۆ رزگارکردنی ژیانی کوڕەکەیان.