راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق: ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان بەهۆی کەمیی نەختینەوە نییە

20-08-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند عێراق کێشەی نەختینەی نییە و پارەی پێویست بۆ مووچەی فەرمانبەرانی پارێزگاکانی عێراق بەردەستە، دەشڵێت درەنگکەوتنی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان پرسی هونەری و رێکخستنە.
 
مەزهەر محەممەد ساڵح، راوێژکاری کاروباری دارایی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە رووداوی گوت "دابەشکردنی مووچە لە پارێزگاکانی عێراق بەبێ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە و دوانەکەوتووە و هیچ کێشەیەکی نییە."
 
سەبارەت بە نەختینەی پێویست بۆ مووچە، روونیکردەوە "عێراق کێشەی تەرخانکردن و پێدانی مووچەی نییە، مووچە و پارەی پێویست بۆ مووچە بەردەستە و کێشەی نەختینەمان نییە."
 
ئەمڕۆ 20ـی ئابی 2024ـە، تاوەکو ئێستا فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی تەمموزیان وەرنەگرتووە، بەڵام لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق، مووچەی مانگی ئاب دابەشدەکرێت.
 
راوێژکارەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق سەبارەت بە دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان گوتی "باوەڕناکەم هیچ کێشەیەکی ئەوتۆ لە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هەبێت، بەڵکو بابەتەکە تەنیا پەیوەندیی بە رێکخستن و وردبینییەوە هەیە، واتە پەیوەندیی بە نەبوونی پارە و کەمیی نەختینەوە نییە." 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە