26 کێڵگە و پاڵاوگە هەوای کەرکووکیان تێکداوە و فەرمانگەی ژینگە 'هیچی پێناکرێت'

رووداو دیجیتاڵ 

26 کێڵگە و پاڵاوگەی نەوت لە چواردەوری شاری کەرکووک هەن و رۆژانە رێژەیەکی زۆری دووکەڵەی رەش و هەندێک جار بۆنێکی بەهێزی گازیش بڵاودەکەنەوە، جگە لە هەراسانکردنی دانیشتووان، زیانێکی تەندروستیی زۆریشی لێ کەوتووەتەوە. 
 
سێکانیان، گورگەچاڵ و شۆراو لە باکووری شارەکە زەرەرمەندی یەکەمی ئەو بۆن و دووکەڵەن. ئەمە گوندی سێکانیانە، ئەم پیاوە ئەندامی ئەنجوومەنی گوندەکەیە و دەڵێت، "بۆن و دووکەڵ هەراسانی کردووین."  
 
ئەسعەد محەممەد، ئەندامی ئەنجوومەنی گوندی سێکانییانە و دەڵێت، "وەکو دانیشتووانی گوندەکانی سێکانیان، گورگەچاڵ و شۆراو ناتوانین موبەریدە هەڵبکەین،ناتوانین پەنجەرەی ماڵەکانمان بکەینەوە و خەڵکەکە هەمووی بێزار بووە، من ئۆتۆمبێلەکەم رەنگی سپییە، کاتێک بەیانییان هەڵدەستم، پاشماوەیەکی رەشی زۆری لەسەرە، جلوبەرگ هەڵدەخەین بە ماوەیەکی کەم هەمووی رەش دەبێت."  
 
گەڕەکەکانی پەنجا عەلی، شۆڕجە، حەوریە و کەرامە نزیک لە کێڵگە نەوتییەکانی جەمبوورن و بە درێژایی رۆژ لەژێر کاریگەریی دووکەڵ و بۆنی ئەو کێڵگانەدان.  
محەممەد رەشید، دانیشتووی گەڕەکی پەنجا عەلی دەڵێت، "دۆخمان زۆر خراپە، جلوبەرگ هەڵدەخەین، رەش دەبێت و دووکەڵێکی ئێجگار زۆر رۆژانە دێتە سەرمان، دار و دیوار رەش بوون، بۆنێکی زۆری هەیە، بەتایبەتی پاڵاوگەیەک هەیە لە خوارووی کێڵگەکە، ماوە ماوە بۆنێکی زۆری دێت و هەراسانی کردووین."  
 
فەرمانگەی ژینگەی کەرکووک کە 20 کێڵگەی نەوتی کۆمپانیای نەوتی باکوور و شەش پاڵاوگەی ئەهلی بە هۆکاری پیسبوونی ژینگەی کەرکووک دەزانێت، دەڵێت، "ناتوانین هیچ رێکارێک لە دژیان بگرینەبەر."  
 
عەلی عیزەدین، بەڕێوەبەری ژینگەی کەرکووک بە رووداوی گوت، "زۆربەی پیسبوونی ژینگە بەهۆی کۆمپانیای گازی باکوور و نەوتی باکوور و وێستگەکانی کارەبایە کە بە گاز کار دەکەن، ناتوانین لەوە زۆر گوشاریان لێبکەین، تەنیا تێبینیی داخستنیان بۆ دەنێرین و رەوانەی وەزارەتی دەکەین و دەبێت وەزیر واژووی لەسەر بکات."
 
بەپێی دوایین لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی فەرمانگەی ژینگەی کەرکووک، نەبوونی پشتوێنەی سەوزایی و کارکردنی کێڵگە و پاڵاوگەکانی بەبێ دانانی فیلتەر، رۆژانە ژینگە و هەوای کەرکووک پیستر دەکات.