ئاگر لە گەورەترین مۆڵی ئامەد کەوتەوە و چوار کەس گوێزرانەوە بۆ نەخۆشخانە

رووداو دیجیتاڵ 

نیوەڕۆی رۆژی سێشەممە 20-8-2024 ئاگر لە مۆڵی جەیلان لە پارێزگای ئامەدی باکووری کوردستان کەوتەوە و 4 کەس گوێزرانەوە نەخۆشخانە.
 
مۆڵی جەیلان دەکەوێتە ناوچەی پایاسی ئامەد و گەورەترین مۆڵی پارێزگاکەیە. 
 
تیمەکانی بەرگریی شارستانی زوو گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و ناوچەکەیان بەڕووی هاتوچۆدا داخست.
 
سەردانیکاران و کارمەندان لە مۆڵەکە دەرچوون و بەشێکیشیان لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانییەوە برانە دەرەوە.
 
دووکەڵ کاریگەری لەسەر تەندروستی چوار کەس کردبوو و هەر چواریان لەلایەن تیمەکانی فریاکەوتنەوە گوێزرانەوە نەخۆشخانە.
 
بە گوێرەی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، ئاگرەکە سەرەتا لە بەشی کۆگاکانی پۆشاکەوە هەڵگیرساوە و دواتر بە بەشەکانی دیکەدا بڵاوبووەتەوە.