کارکردن لە 54 پڕۆژەی رێگەوبان لە سلێمانی وەستاوە
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێكی رێگەوبانی سلێمانی دەڵێت، لە كۆتایی ئەم ساڵدا رێگەی دەربەندیخان - كەلار تەواو دەبێت و هەوڵی جیدیش هەیە بۆ دەستپێكردنەوەی قۆناخی دووەمی رێگەی دووكان – چوارقوڕنە.
كاروان حەمەئەمین، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی رێگەوبان و ئاوەدانكردنەوەی سلێمانی لە كاتی بەشداریکردنی لە پۆدكاستی (بە كاتیی سلێمانی) رادیۆی رووداو كە رۆژانی سێشەممە ئاسۆ سەراوی پێشكێشی دەكات رایگەیاند، كاركردن لە رێگەی دەربەندیخان - كەلار كە 40 کیلۆمەترە و 82% كارەكانی تەواو بووە بەردەوامە و گوتیشی، "ئێستا كۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەکە هەفتانە نزیكەی 500 ملیۆن دیناری بۆ خەرج دەکرێت. ئەگەر خەرجکردنی پارەكە بەردەوام بێت، تاوەكو كۆتایی ئەم ساڵ ئەو رێگەیە تەواو دەبێت و دەكرێتەوە".
رێگەی دووكان – چوارقوڕنە، شاری سلێمانی بە ئیدارەی راپەڕین و پارێزگای هەولێر دەبەستێتەوە و كاركردن تێیدا كراوەتە سێ قۆناخ. قۆناخی یەكەم 29 کیلۆمەتر دەگرێتەوە و 97% كارەكانی تەواوبوون؛ قۆناخی دووەم 25 کیلۆمەترە و 41% كارەكانی تەواو بوون، بەڵام ئێستا كاركردن تێدا وەستاوە؛ قۆناخی سێیەمیش 10 کیلۆمەترە و هێشتا هیچ كارێكی تێدا نەكراوە.
جێگری بەڕێوەبەری گشتیی رێگەوبان و ئاوەدانكردنەوەی سلێمانی گوتی، هەوڵ هەیە لە چەند هەفتەی داهاتوودا کارکردن لە قۆناخی دووەمی رێگەکە دەست پێبکاتەوە.
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی رێگەوبانی سلێمانی، كاركردن لە رێگەی وارماوا – دەربەندیخان ئێستا بەهۆی نەبوونی بودجەوە راگیراوە، بەڵام كاركردن لە رێگەی پێنجوێن – باشماخ كە 10 كیلۆمەترە بەردەوامە و هەفتانە 200 ملیۆن دیناری بۆ تەرخان دەکرێت و گوتیشی، "رێگەی پێنجوێن – باشماخ كە زیاتر رێگەیەكی بازرگانییە 80% كارەكانی تەواو بوون و پێشبنی دەكرێت ئەم ساڵ كارەكانی تەواو بكرێن".
بەرپرسەكەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رێگەوبان و ئاوەدانکردنەوەی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، چەندین ساڵە 54 پڕۆژەی رێگەوبان لە سنووری سلێمانی كە بودجەكەیان 6 ملیار دینار وەستاوە، دیاریش نییە كەی كاركردن لەو رێگەیانە دەستپێدەكاتەوە.