زیاتر لە 600 کەس لە خورماتوو دادەمەزرێندرێن

رووداو دیجیتاڵ 

زیاتر لە 7 هەزار کەس بە گرێبەست لە پارێزگاى سەلاحەدین دادەمەزرێندرێن، 600یان پشکى قەزاى خورماتوو دەبێت. ئەندامێکى ئەنجوومەنى پارێزگای سەلاحەدین دەڵێت، ئەوە یەکلانەبووەتەوە کە دامەزراندنەکە بە گوێرەى پشکى پێکهاتەکان دەبێت.
 
لە چوارچێوەى ئەو پشکەى لە یاساى بودجەى گشتى بۆ ئەو پارێزگایە تەرخانکراوە، 7292 کەس بە گرێبەست بۆ سێ ماوەی ساڵ لە سنوورى پارێزگاى سەلاحەدین دادەمەزرێندرێن.
 
یاسین داودى، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى سەلاحەدین لە پشکى قەزاى خورماتوو بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "ئەو 7 هەزار کەسە لەسەر بنەماى ژمارى دانیشتووان بەسەر قەزاکاندا دابەشکراون و زیاتر لە 600 کەسی پشکى خورماتوو دەبێت."
 
25%ـی پشکی دامەزراندنەکە بۆ ئەوانەیە بڕوانامەیان نییە و 75%یشیان بۆ دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگەکانە.
 
یاسین داوودى گوتی: "ئەوە یەکلانەبووەتەوە ئەو پشکەى خورماتوو بە گوێرەى رێژەى پێکهاتەکان دەبێت یان بە گوێرەى خاڵى پێشکێشکارەکانە، بەرلەوەى بەستەرى ئەلیکترۆنى پێشکێشکردنى داواکارییەکان کارا بکرێت، ئەو پرسە یەکلا دەکرێتەوە."
 
زیاتر لە چوار هەزار کەس لەوانەى دادەمەزرێندرێن بۆ کەرتى پەروەردە دەبێت، ئەوەى دیکەى بەسەر فەرمانگەکانى دیکە  دابەش دەکرێن.