رووداو دیجیتاڵ
فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا سنووری قەزاکانی چۆمان لە پارێزگای هەولێر و ماوەتیان لە سنووری پارێزگای سلێمانی بۆردوومانکرد. ئەندامێکی رێکخراوى سی پى تیى ئەمریکی دەڵێت، بۆردوومانەکان بوونەتەهۆی سووتاندنی رووبەڕێکی زۆر لە پووش و پاوان.
رۆژی سێشەممە، 20ـی ئابی 2024، کامەران عوسمان، بەرپرسی دێسکى مافى مرۆڤى رێکخراوى سی پى تیى ئەمریکی بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "سەرلەبەیانی ئەمڕۆ کاژێر 5:30 خولەک، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا سێجار سنووری باسکی بێریان و جارێکیش سنووری گوندی گوندەژۆریان لە دەڤەری باڵەکایەتی لە سنووری قەزای چۆمان لە پارێزگای هەولێر بۆردوومان کرد".
کامەران عوسمان گوتیشی، "لە کاژێر 6:48ـى سەرلەبەیانیش، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا 4 جار شاخی برزوت و کڵاوەیان لە سنووری گوندی گەڵاڵەی سەر بە قەزای ماوەت بۆردوومانکرد".
کامەران عوسمان دەشڵێت، "لە ئەنجامی بۆردوومانەکانی ئەمڕۆدا هیچ هاووڵاتییەک نەبووەتە قوربانی، بەڵام رووبەرێکی زۆر لە پووش و پاوان و دارستانی ئەو ناوچانە سووتاوە".
بە گوێرەی ئاماری ئەو رێکخراوە ئەمریکییە، لە ساڵی 1991ـەوە 345 هاونیشتمانیی هەرێمی کوردستان لە بۆردوومانەکانی تورکیا گیانیان لەدەستداوە و 359 هاونیشتمانیی دیکەش برینداربوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ