ئەمینداری یەکگرتوو: کۆسپ بۆ مووچە دروستبکرێت لە دادگەی فیدراڵی سکاڵا تۆمار دەکەین

رووداو دیجیتاڵ 

ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی دەڵێت، دەبێت بەرپرسیارانە کار بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری دادگەی فیدراڵی تایبەت بە مووچەی مووچەخۆران بکرێت، "ئەگەر کۆسپیش بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە دروستبکرێت، سکاڵا لەسەر سەرپێچیکار تۆماردەکەینەوە."
 
سەڵاحەدین بەهائەددین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، لە راگەیێندراوێکدا کە لە فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، نووسیویەتی "20ـی مانگە و پەنجا رۆژە مووچە نەدراوە، ئەم تاوانە بە ویژدانی کێ رەوایە؟ هۆکار هەرچی بێت و پاسا و هەرچی بێت، فەرمانبەری هەرێم و منداڵە بێنازەکانی باجەکەی دەدەن، دەستی دەستیکردن بەقووتی هاوڵاتییان لە فەرهەنگی چ مرۆڤێکی ویژدان زیندوودا جێی دەبێتەوە؟"
 
دادگەی باڵای فیدراڵی هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانی بە پێدانیی مووچەی مووچەخۆران لەکاتی خۆیدا، پابەندکردووە. ئەمەش دوای ئەوەی چەند ئەندامێکی یەکگرتوو لە دادگەی فیدراڵی سکاڵایان تۆمار کرد.
 
ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان هەڕەشەی تۆمارکردنی سکاڵا دەکات و دەڵێت "جەخت لە راگرتنی ئەم یارییە ناشیرینە دەکەینەوە! دەبێت هەردوو حکومەت بەرپرسیارانە کارئاسانی بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دادگا بکەن، نەک خۆبدزنەوە و کۆسپی بۆ دروست بکەن، شەڕی سیاسی و هەڵبەز و دابەزی بوارەکانی دیکە لەسەر حیسابی قووتی هاووڵاتی ساخبکەنەوە، بەپێچەوانەوە ئێمە ناچارین سکاڵا لەسەر سەرپێچیکار تۆمار بکەینەوە!"
 
ئەمڕۆ 20ـی ئابە و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تائێستا مووچەی مانگی تەمموزی 2024ـیان وەرنەگرتووە. 
 
رۆژی دووشەممە، 19ـی ئابی 2024، وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاری خەرجکردنی تەنیا ملیارێک و 426 ملیۆن و 915 هەزار دیناری مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی بۆ مانگی حەوت دا. لەکاتێکدا بۆ خەرجکردنی تەواوی مووچە، زیاتر لە 900 ملیار دینار پێویستە.