یەکەم دیداری گەشتیاری لە باتیفا دەکرێت؛ 60 کۆمپانیای گەشتیاریی عێراقی بەشدار دەبن

رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ یەکەم دیداری گەشتیاریی قەزای باتیفا بەڕێوەدەچێت، قایمقامی قەزاکە دەڵێت، زیاتر لە 60 کۆمپانیا لە نێوەڕاست و خوارووی عێراقەوە بەشدار دەبن. دەشڵێت، نزیکەی 28 ملیار دینار بۆ گەشەپێدانی قەزاکە و کەرتی گەشتیاری تەرخانکراوە.
 
فەرهاد مەحموود، قایمقامی قەزای باتیفای سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ئەمڕۆ (یەکشەممە، 20-08-2023) لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو، کە هەوار جەلالەدین و ئارێز خالید پێشکێشیان کرد، رایگەیاند، ئەمڕۆ، بە سەرپەرشتیی گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، یەکەم دیداری گەشتیاریی ناوچە گەشتیارییەکانی قەزای باتیفا بەڕێوەدەچێت.
 
فەرهاد مەحموود ئاماژەی بەوە کرد، نزیکەی 60 کۆمپانیای گەشتیاری لە نێوەڕاست و خوارووی عێراقەوە و چەندین کۆمپانیای نێوخۆییش لە دیدارەکەدا ئامادە دەبن، کە دوو رۆژ دەخایێنێت.
 
لە قەزای باتیفا چەندین شوێنی گەشتیاری هەن، بەڵام بەهۆی شەڕی تورکیا و پەکەکەوە ژمارەیەکی کەم گەشتیار روو لەو سنوورە دەکەن؛ لە ساڵی 2017ـشەوە تاوەکو ئێستا، بەهۆی شەڕی تورکیا و پەکەکەوە، 13 گوند چۆڵکراون.
 
قایمقامی باتیفا دەڵێت ''لەو ناوچانەی کە بەهۆی ناکۆکیی نێوان پەکەکە و تورکیا نائارامن، شوێنی گەشتیاری دروست نەکراون و سەرجەم ئەو شوێنانەی کە دەستنیشانکراون، خەڵک وەکو گەشتیار سەردانیان بکەن، ئارامن و رۆژانە خەڵکیان لێیە.''
 
ئەوە لەکاتێکدایە رۆژی 22-8-2021، دوو گەشتیاری عەرەب بەناوەکانی ئەحمەد شوکر، لەدایکبووی ساڵی 1981 و یوسف عومەر، لەدایکبووی ساڵی 1995، کە بەمەبەستی گەشت و سەیران سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی سنووری ناحیەی باتیفایان کردبوو، لە تۆپبارانێکدا گیانیان لەدەستدا.

 

 
''داشکاندن بۆ گەشتیاران دەکرێت''  
 
ئەو دیدارە گەشتیارییەی قەزای باتیفا، چەندین بڕگەی وەکو پێشانگەی کولتووری، بەربوومی کشتوکاڵی و هونەری لەخۆدەگرێت و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری زاخۆ، بۆ ماوەی دوو رۆژ میوانداری کۆمپانیاکان دەکات و ناوچە گەشتیارییەکانیان پێ دەناسێنێت.
 
فەرهاد مەحموود گوتی ''نرخی کەلوپەلی پێویست بۆ مانەوەی گەشتیاران لە باتیفا، هەرزانە و لیژنەیەکی تایبەت بەردەوام چاودێریی نرخەکان دەکات، هەروەها بەپێی رێنمایی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزار، داشکاندن بۆ کۆمپانیاکان و گەشتیاران دەکرێت.''
 
قایمقامی باتیفا گوتیشی ''لە ماوەی ساڵێکدا، نزیکەی 28 ملیار دینار بۆ پڕۆژەی جۆراوجۆر تەرخانکراوە، زۆربەی پڕۆژەکانیش کەوتوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە و بەشێکیشیان تەواو بوون، هەروەها بەشێکی دیکەش لە داهاتوویەکی نزیکدا دەستپێدەکرێن.''