وەزیری پێشووی بەرگریی ئەمریکا بەوەکالەت سەردانی رۆژئاوای کوردستانی کرد

رووداو دیجیتاڵ

کریستۆفەر چارڵز میلەر، وەزیری پێشووی بەرگریی ئەمریکا بەوەکالەت سەردانی رۆژئاوای کوردستانی کرد و لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات و ژمارەیەک بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر کۆبوویەوە.
 
رۆژی یەکشەممە، 20-8-2023، ناوەندی راگەیاندنی دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، کریستۆفەر چارڵز میلەر، وەزیری پێشووی بەرگریی ئەمریکا بەوەکالەت رۆژی 16ی ئەم مانگە سەردانی ناوچەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەریی کردووە و ژمارەیەک کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی هێزەکانی سووریای دیمەکرات (هەسەدە) و بەڕێوەبەرایەتییەکە ئەنجامداوە.
 
بەپێی راگەیێندراوەکە، کریستوفەر چارڵز میلەر لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە و لەگەڵ بەدران چیاکورد و سەمەر عەبدوڵڵا، هاوسەرۆکەکانی دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر کۆبووەتەوە.
 
لە کۆبوونەوەکاندا بارودۆخی سووریا و رۆژئاوای کوردستان و شەڕی دژی داعش تاوتوێ کراوە.
 
دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەڵێت، لە سەردانەکەیدا بۆ ناوچەکە، "میلەر باسی لە پێویستی پشتیوانیی ئەمریکای کرد بۆ بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و پاراستنی ئەزموونەکەی، هەروەها بۆ پاراستنی ئەو دەستکەوتانەی کە لە شەڕی دژی تیرۆر بەدەست هاتوون."
 
بەگوێرەی میدیای نزیک لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، میلەر رایگەیاندووە، "پێویستە پاڵپشتی زیاتر بۆ دۆسیەی کەمپەکانی ماڵباتی داعشەکان و زیندانییەکانیان رۆژئاوای کوردستان بکرێت."
 
کریستوفر چارڵز میلەر عەقیدێکی خانەنشینکراوی ئەمریکییە لە هێزە تایبەتەکانی سوپای ئەمریکا و لە 9 تشرینی دووەمی 2020 تا 20-1-2021 وەکو وەزیری بەرگریی ئەمریکا بەوەکالەت کاری کردووە.