وردەکاریی 'ئازاردانی' منداڵێکی ساوا لە نەخۆشخانەیەکی هەولێر


رووداو دیجیتاڵ 

بڵاوبوونەوەی گرتەڤیدیۆی منداڵێکی تازە لەدایکبوو لە نەخۆشخانەیەکی هەولێر کە دوو پەرستاری ئەو نەخۆشخانەیە وا دەردەکەوێت یاریی لەگەڵدا بکەن، خەڵکی تووڕە کرد و وەزارەتی تەندروستیش بڕیاری لەسەر نەخۆشخانە و هەردوو پەرستارەکە دەرکرد، یەک لەو پەرستارانەی لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت، پووری منداڵەکەیە و دەڵێت، بە مۆبایلی دایکی منداڵەکە و بە رەزامەندی کارگێڕی نەخۆشخانە ئەو ڤیدیۆیەی تۆمارکردووە. 
 
رۆژی یەکشەممە، 20ـی ئابی 2023 پووری منداڵەکە کە هاوکات کارمەندی نەخۆشخانەی هەولێری نێودەوڵەتییە لە بەرنامەی بەرپرسیار کە شەهیان تەحسین پێشکێشیدەکات گوتی، "لە ڤیدیۆکەدا وا دەردەکەوێت کە من لە منداڵەکە دەدەم، بەڵام لەڕاستیدا من دەستی هاوڕێکەم لادەدەم تاوەکو وێنەی بگرم، دایکی داوای کردبوو وێنە و ڤیدیۆی بگرم و منیش بە هاوڕێکەمم دەگوت دەستی لابدات بۆ ئەوەی وێنەکان جوان دەربچن."
 
لە گرتە ڤیدیۆکەدا منداڵەکە بە هەردوو قاچ بەرزدەکرێتەوە، پووری منداڵەکە دەڵێت، "ئەوە ئاساییە و زۆرجار بۆ ئەوەی منداڵی تازە لەدایکبوو هەناسەی بێتەوەبەر یان شتێکی لە قوڕگ بگیرێت بەم شێوەیەی لێدەکەن، بەڵام من تەنیا ڤیدیۆکەم تۆماردەکرد و ئەو کەسەی منداڵەکەی بەرزکردەوە لە بەشی لەدایکبوون پەرستارە."
 
ڤیدیۆکە 27ی تەمووزی ئەمساڵ گیراوە. سەبارەت بە راکێشانی روومەتی منداڵەکە و بێتاقەتکردنیشی ئەو کارمەندە باسی لەوەکرد کە ئەو کارەیان وەکو پێشاندانی خۆشەویستی بەرامبەر منداڵەکە کردووە و هیچ ئامانجێکی دیکەیان نەبووە، دەشڵێت، "منداڵەکە هیچ زیانێکی پێ نەگەیشتووە و بە تەندروستییەکی باشەوە بردوویانەتەوە ماڵەوە و تەنانەت دایک و باوکیشی هیچ سکاڵا و گلەییەکیان نییە."
 
لەبارەی چۆنیەتیی بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆکە، ئەو پەرستارە ئاماژەی بەوە کرد، لەنێو مۆبایلەکەیدا بووە، دوو رۆژ لەمەوبەر خوشکێکی کە وەکو خۆی دەڵێت "تەواو نییە"، یاری بە مۆبایلەکەی کردووە و ئەو ڤیدیۆیە و کۆمەڵێک وێنەی منداڵەکەی لە سۆشیاڵمیدیا دا بڵاوکردووەتەوە.
 
دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆکە لە رووداو، دەستبەجێ وەزارەتی تەندروستی لیژنەی لەسەر رووداوەکە پێکهێنا و دواتر کۆمەڵێک بڕیاری پەیوەست بە دۆسیەکە دەرکرد کە سەرەکیترینیان بریتیبوون لە: دوورخستنەوەی هەردوو کارمەندی نەخۆشخانەی ئەربیل ئینتەرناشناڵ، سڕکردن و لەکار راگرتنی هەردوو کارمەندەکە بۆ ماوەی شەش مانگ، داخستنی بەشی منداڵە ناکامەکان لە نەخۆشخانەی ئەربیل ئینتەرناشناڵ، داخستن و راگرتنی نەشتەرگەریی منداڵبوون لە نەخۆشخانەکە، سزای بەڕێوەبەر و نەخۆشخانەکە دەدرێت بە پێبژاردن و سزای ئاگادارکردنەوە بۆ هەموو پزیشکان و کارمەندانی نەخۆشخانەکە دەردەچێت.
 
دوای بڕیاری وەزارەتی تەندروستی، نەخۆشخانەی ئەربیل ئینتەرناشناڵ لیژنەیەکی پێکهێنا بۆ لێکۆڵینەوە لە راستیی رووداوەکە، دکتۆر بێوار رزگار، سەرپەرشتیاری لێکۆڵینەوە لە کەیسەکە دەڵێت، تەنیا لایەنی ئەو گرتە ڤیدیۆیە کە مەترسی بۆسەر منداڵەکە دروستدەکات، بەرزکردنەوەیەتی بە هەردوو قاچی بە شێوەیەکی پێچەوانە.
 
دکتۆر بێوار رزگار دەشڵێت، "دکتۆری سەرپەرشتیاری نەشتەرگەری منداڵبوونەکە داوای کردووە دوو خولەک جارێک ئەو منداڵە سەروبن بکەنەوە بۆ ئەوەی کێشەی هەناسەدانی بۆ دروستنەبێت، بەڵام دڵنیا نین ئەوکات منداڵەکە پێویستی بەو کردارە هەبووە کە پەرستارەکە لەنێو گرتە ڤیدیۆکەدا ئەنجامیداوە."
 
هاوکات، قارەمان حوسێن خۆشناو، کارگێڕی لقی هەولێری سەندیکای کارمەندانی تەندروستی لە بەرنامەی بەرپرسیار گوتی، بەکارهێنانی مۆبایل لە شوێنە هەستیارەکان قەدەخەیە، ئێمەش وەکو سەندیکای کارمەندانی تەندروستی مۆڵەت دەدەین بە پەرستاران بۆ ئەوەی بەپێی رێنماییەکان لە نەخۆشخانەکان کار بکەن.
 
قارەمان حوسێن باس لەوە دەکات کە "بردنی مۆبایل بۆ وێنەگرتنی کەسوکاری کارمەندەکانیش قەدەخەیە و وا باشترە کارگێڕی نەخۆشخانەکان خۆیان رێگە بەوە نەدەن، هەندێک جار دەبینین مۆبایل لە هۆڵی نەشتەرگەری بەکاردێت و وێنە دەگیرێت، ئەوە پێشێلکردنی شکۆی نەخۆشە، لەو ڤیدیۆیەشدا شێوازی بەرزکردنەوەی منداڵەکە بە هەڵە ئەنجامدراوە."