رووداو - دهۆک
بەشێک لە ئالوودەبووانی مادەی هۆشبەر لە دهۆک داوا دەکەن حکومەت سەنتەرێکی تایبەت بە چارەسەرکردن و وازهێنانیان لە مادەی هۆشبەر بۆ بکاتەوە. ئالوودەبوویەکی مادەی هۆشبەر دەڵێت، بەهۆی ئالوودەبوونیەوە ژن و منداڵەکەی لەدەستداوە و زیاتر لە 300 هەزار دۆلاریشی بە مادەی هۆشبەر داوە و هێشتاش بەردەوامە.
ئالوودەبوویەکی مادەی هۆشبەر بەناوی "ا. ج" دەڵێت، داواکارییان لە حکومەت ئەوەیە کە هاوکارییان بکەن و سەنتەرێکیان بۆ بکاتەوە و "لەم سەرەتانە [شێرپەنجەیە] رزگارمان بکات."
ئالوودەبوویەکی دیکەی مادەی هۆشبەر بەناوی "ی. م" باسی لەوە کرد، 21 ساڵە ئالوودەی مادەی هۆشبەر بووە، "من لە ئێران فێربووم، ئەو کەسانەی لەوێ بوونە هاوڕێم فێریان کردم؛ چوومە سەنتەرێک بۆئەوەی وازیلێبهێنم، بەڵام هێشتا پەیوەندیم بەو هاوڕێیانەمەوە ماوە و تائێستا نەمتوانیوە واز لە مادەی هۆشبەر بهێنم."
لە بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازیی گەورانی دهۆک، بە هاوکاریی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی دهۆک، جێگەیەک دەستنیشان کراوە بۆ چارەسەرکردنی ئالوودەبووانی مادەی هۆشبەر، سێ پزیشک و حەوت پسپۆڕی دەروونی تێیدا کار دەکەن.
د. نەوزاد سامی، پسپۆڕی دەروونی دەڵێت، ئەو تیمە لەگەڵ ئالوودەبووانی مادەی هۆشبەر لە پەیوەندیدا دەبن و هەفتانەش پزیشکێک جارێک سەردانی چاکسازیی گەورانی دهۆک دەکات بۆ بینینیان.
ئەمساڵ تاوەکو ئێستا 514 کەس بەهۆی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر دەستگیرکراون، کە 60%یان بازرگانن و ئێستاش نزیکەی 700 کەس بە تۆمەتی بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر لە چاکسازیی گەورانی دهۆکن؛ ئەوەش لەکاتێکدایە لە هەمان ماوەی ساڵی رابردوودا لە سنووری پارێزگای دهۆک 435 کەس لەسەر هەمان پرس دەستگیرکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ