دوو گولـلە تۆپ لە گوندێکی سنووری دێرەلووک کەوتنە خوارەوە

20-08-2023
حەیدەر دۆسکی
A+ A-
 رووداو دیجیتاڵ 

ئەمڕۆ تورکیا بۆردوومانی بناری چیای مەتینی لە دەڤەری ئامێدی کرد و کاژێر 14:30 دوو گولـلە تۆپ لە نێو گوندی گوهەرز کەوتنە خوارەوە و زیانیان بەر ئۆتۆمبێل و خانووی هاونیشتمانیانی ئەو گوندە گەیاند.
 
بە گوتەی دانیشتووانی گوندەکە کە بۆ رووداو قسەیان کردووە، کاتێک یەکەم گولـلەتۆپ دەکەوێتە نێو گوندەکە، خەڵکی لێی کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی ئەگەر کەسێکی بریندار کردبێت رزگاری بکەن، دوای 10 خولەک تۆپێکی دیکە لە نزیک هەمان شوێن کەوتووە خوارەوە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
 
رۆژی یەکشەممە، 20ـی ئابی 2023، رەوەند گوهەرزی، دانیشتووی گوندی گوهەرز میوانی بوولتەنی کاژێر 17:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە سیما ئابخزر پێشکێشیدەکات و گوتی: "گولـلەتۆپی یەکەم بەر ماڵێکی گوندەکە کەوت و زیانی زۆری بە خانووەکە گەیاند و دوای نزیکەی 10 خولەک گولـلەتۆپێکی دیکە بە مەودای چەند مەترێک کەوتە خوارەوە".
 
ئەو هاووڵاتییە دەڵێت، تۆپبارانەکە زیانی گیانی نەبوو بەڵام زیانی زۆری بە خانوو و ئۆتۆمبێلی خەڵکی گوندەکە گەیاندووە. 
 
لە ماوەی 15 رۆژدا ئەوە دەیەم جارە ناو گوندی گوهەرز و دەوروبەری تۆپباران دەکرێت و دانیشتووانی گوندەکە دەڵێن، "گومانمان هەیە تونێلێکی پەکەکە لە بناری چیای مەتین هەبێت کە دەکەوێتە نزیک گوندەکەمان، لەبەرئەوەی چەند رۆژێکە بە شەو و رۆژ بۆردوومانکردن بەردەوامە و فڕۆکە بەسەریاندا دەسووڕێتەوە." 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە