لە جۆلەمێرگ رەوەسەگ پەلاماری مێگەلێک دەدەن و 36 ئاژەڵ مردار دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
لە جۆلەمێرگی باکووری کوردستان، رەوە سەگیک پەلاماری مەڕوماڵاتی شوانێکیان دا، بەو هۆیەوە 36 سەرئاژەڵی بچووک لەنێوچوون.
رووداوەکە ئێوارەی رۆژی 19ـی ئابی 2023 روویدا. رەوەی سەگێک لە دەشتی سوئوستوو سەر بە شارۆچکەی گەڤەر لە جۆلەمێرگی باکووری کوردستان پەلاماری مێگەلی مەڕ و بزنی بنەماڵەی ئۆغوز-یان دا و بەهۆیەوە 36 سەر ئاژەڵی بچووکی لەنێوچوون.
تیۆمان ئۆغوز، کە شوانی مێگەلەکەیە، رایگەیاند لە کاتی نان خواردندا رەوە سەگەکە هێرشیانکردە سەر مێگەلەکە. لە ئەنجامدا لە کۆی 100 مەڕ و بزن، 36ـیان مردارکرد و 11 دانەشیان بێسەروشوێنن، کە پێشبینی دەکرێت، رەوە سەگەکان دوای پەلاماردانیان لەگەڵ خۆیان بردبێتیانن.
ئەو دەشتاییەی رەوە سەگەکان پەلاماری مێگەلە مەڕەکانیان لێی داوە، نزیکەی 10 کیلۆمەتر لە سەنتەری شارۆچکەی گەڤەر دوورە و بەهۆی ئەوەی خۆی و شوانەکانی دیکە چەکیان نەبووە، نەیانتوانیوە بەر بە پەلامارەکە بگرن.