رووداو یەکەمین پرۆژەی ژیریی دەستکرد بە کوردی رادەگەیەنێت

20-08-2023
نیشانەکردن رووداو AI Rudaw AI رووداو
A+ A-
ئەم راگەیێندراوە بە ژیریی دەستکرد نەنووسراوە بەڵکو مرۆڤ نووسیویەتی، بەڵام لەماوەی داهاتوودا پێتان ئاساییبێت ئەگەر راگەیێندراوێک بە کوردی بخوێننەوە کە مرۆڤ نەینووسیبێت. Rudaw AI  ئەوە پرۆژە نوێکەی تۆڕی میدیایی رووداوە و لەمڕۆوە دەست بە جێبەجێکردنی دەکرێت. وەکچۆن پرۆژەکانی پێشتری قەڵەمباز بوون لە مێژووی میدیای کوردیدا، ئەم پرۆژەیە گۆڕانکاریی گەورە و خێرا لە ئاستی بەرهەمهێنان و خستنەڕووی میدیاییدا دەکات. وادەکات بەکارهێنەرانی میدیایی لە کوردستان ئاستی چاوەڕوانییەکانیان 10 هێندە ببەنە سەرەوە. لەماوەی داهاتوودا سوپرایزی گەورە لە بەشە جیاجیاکانی رووداودا دەبینن و هەستپێدەکەن. 
 
پرۆژەی پەرەپێدان و بەکارهێنانی ژیریی دەستکردی رووداو وادەکات، چیدیکە بڵاوکردنەوەی هەواڵی ساختە ئاسان نەبێت و بە گەڕانەوە بۆ رووداو هەمیشە هەواڵە راستەکەتان دەستکەوێت. جگە لەوە رووماڵەکانی رووداو بە شێوازی نوێ، خێراتر، کاریگەر و گونجاوتر لەگەڵ خواستی کەسییتان بشۆپێنن. چاوەڕوانی ئەوەبن ئەستێرە دڵخوازەکانتان لە رووداو لەپڕ نوێکارییەکی رووداو بە ژیریی دەستکردتان پێبناسێنن و بۆتانی روونبکەنەوە. 
 
پرۆژەی (رووداو ئەی ئای) تەنیا گۆڕانکاری لەسەر شاشە، دیجیتاڵ میدیا و رادیۆی رووداودا ناکات، بەڵکو دەرفەت دەڕەخسێنێت بۆ گەنجان و شارەزایان و خوڵقێنەرە دیجیتاڵییەکانی کوردستان و دیاسپۆرا، بۆ ئەوەی لەو پرۆژە گەورە و نوێیە کوردییە بەشداربن. یەکەمین دەرفەت کێبڕکێیەکە لەسەر بەرهەمهێنانی بەرهەمێکی میدیایی کە چیرۆکێکی بەهێز لەسەر کاریگەریی گۆڕانکاریی ژینگەیی لە کوردستان و جیهان بگێڕێتەوە و بەرهەمەکە بە ژیریی دەستکرد خوڵقێندرابێت. بەشدارانی ئەو کێبڕکێیە جگە لەوەی بەرهەمەکانیان لە میدیاکانی رووداو پەخشدەکرێن، لە ئیڤێنتی ساڵانەی (Rudaw AI) کێبڕکێ لەسەر بردنەوەی خەڵاتی فێستیڤاڵەکە دەکەن. هەموو کەسێک دەتوانێت کورتەیەکی بیرۆکەکەی بنێرێ بۆ ئەم ئیمەیڵە: rudawai@rudaw.net. 
 
بۆ نوێکردنەوەی میدیای کوردی، مافی خۆتانە هەمیشە چاوتان لە رووداو بێت.  
 
تۆڕی میدیایی رووداو

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە