گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیایەک دەکرێت بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری بە 8ی حەسارۆک

 
 
رووداو دیجیتاڵ 

پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، "سبەی کاژێر 11:00ی پێشنیوەڕۆ گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیایەکی خۆماڵی دەکەین بۆ گەیاندنی تەواوی خزمەتگوزارییەکان بە 8ی حەسارۆک."
 
رۆژی شەممە 20-8-2022، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە رووداوی راگەیاند، "سبەی گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیایەکی خۆماڵی بە گۆژمەی چوار ملیار دینار دەکەین، بۆ گەیاندنی تەواوی خزمەتگوزارییەکان بە 8ی حەسارۆک." 
 
بە گوتەی پارێزگاری هەولێر، "تەواوی کارەکانی 8ی حەسارۆک تەواو بوون و دوای گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیایەکە راستەوخۆ خزمەتگوزاری دەگەیێنرێتە 8ی حەسارۆک."
 
رۆژی چوارشەممە، 18-5-2022، حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ خێراگەیاندنی خزمەتگوزارییەكان بە گەڕەکی هەشتی حەسارۆک، سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێری راسپارد، بە فرۆشتنی چەند پارچە زەوییەک. پارێزگاری هەولێریش دەڵێت: "ئەو کۆمپانیای کە گرێبەستی لەگەڵ دەکەین لە ئەمشەوە سەرجەم ئامێرەکانی بردووەتە 8ی حەسارۆک بۆ ئەوەی راستەوخۆ دوای گرێبەست دەست بە کارەکانی بکات."
 
زەوییەكانی هەشتی حەسارۆك كە نزیكەی 16 هەزار پارچە زەوی دەبن، ‏لە بەشی خۆرهەڵاتی هەولێر‌ و لە نزیك رێگای كەسنەزانە، ماوەی چەند ساڵێکە دابەشکراون، بەڵام تاوەکو ئێستا خزمەتگوزارییان بۆ دابیننەکراوە.
 
ئەنجوومەنی وەزیران لە مانگی ئۆکتۆبەری 2022 رەزامەندی دا بە خەرجکردنی بڕی 371 ملیۆن دینار بۆ دانانی دیزاینی ئاو و ئاوەڕۆکانی گەڕەکی 8ی حەسارۆک لە هەولێر.