وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ژمارەیەک هەلی کار بۆ سەیدسادق رادەگەیێنێت
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان ژمارەیەک هەلی کاری بۆ قەزای سەیدسادق راگەیاند. وەزارەتەکە دەڵێت، دەبێت پێشکێشکارانی فۆڕمەکە تەمەنیان لە نێوان 24 بۆ 35 ساڵ بێت.
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا کە لە بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە 21-8-2022 بڵاویکردووەتەوە، ژمارەیەک هەلی کاری خستووەتەڕوو.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، پێویستیان بە دامەزراندنی ژمارەیەک لە هەڵگرانی بڕوانامەی بەكالۆریۆس لە تایبەتمەندیەكانی "كارگێڕی - ژمێریاری - یاسایی - توێژەری كۆمەڵایەتی - توێژەری دەروونی - تەكنەلۆجیای زانیاری." هەیە.
هەروەها وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ئاماژەی بەوە کرد، پێویستیان بە دامەزراندنی هەڵگرانی بڕوانامەی "ئامادەیی"ـە بۆ پیشەی شۆفێری بۆ بەڕێوەبەرایەتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی لە قەزای سیدسادقی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی سلێمانی.
لەبارەی مەرجەکان بۆ پێشکێشکارانی فۆڕمەکە، وەزارەتەکە باسی لەوە کرد، پێویستە پێشكێشكاری فۆڕمی دامەزراندن تەمەنی لە نێوان 24 بۆ 35 ساڵ بێت و دانیشتووی قەزای سیدسادق بێت.
لەبارەی چۆنیێتیی پڕکردنەوەی فۆڕمەکە، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەڵێت، پڕكردنەوەی فۆڕم تەنیا بەشێوەی ئۆنلاین دەبێت و بۆ ماوەی یەک هەفتە بەردەوام دەبێت لە 21-8-2022 تاوەکو 27-8-2022.