دوای نزیکەی سێ مانگ مانەوە لە لیبیا حەوت گەنجەکەی دهۆک گەڕانەوە نێو کەسوکاریان

20-08-2022
حەیدەر دۆسکی
دوای نزیکەی سێ مانگ مانەوە لە لیبیا حەوت گەنجەکەی دهۆک گەڕانەوە نێو کەسوکاریان
دوای نزیکەی سێ مانگ مانەوە لە لیبیا حەوت گەنجەکەی دهۆک گەڕانەوە نێو کەسوکاریان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

حەوت گەنجی شاری دهۆک دوای نزیکەی سێ مانگ مانەوە لە لیبیا، گەڕانەوە هەرێمی کوردستان. بەیانییەکی زوو کەسوکارەکانیان لە دهۆک چاوەڕیی گەڕانەوەیان بوون و بە گریانی خۆشییەوە پێشوازییان لێکردن.
 
پێشتر برای یەکێک لەو گەنجانە بە رووداوی گوتبوو کە ئەوان لە 01-06-2022 بەمەبەستی گەیشتن بە وڵاتانی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستانەوە بەڕێکەوتن، بەڵام لە لیبیا دەستگیرکران و لە 14-06ـەوە هیچ هەواڵێکیان نەما.
 
یەکێک لەو گەنجانەی کە ئێستا گەڕاوەتەوە هەرێمی کوردستان دەڵێت، دوای بەدواداچوونەکانی رووداو، دەسەڵاتدارانی لیبیا بەکێشەکەیان زانی و یەکێکی دیکەیشیان دەڵێت، فێڵیان لێکراوە.
 
ئەحمەد نایف، یەکێک لەو گەنجانەیە و بە رووداوی گوت: "کەسێکی خەڵکی زاخۆ بوو و ناوی لومانە، تەلەفۆنی بۆ هاوڕێیەکی کرد هەر لە لیبیا کە لەڕێگەی ڤیدیۆیەکی رووداوەوە لە یوتیوب بە هەواڵەکەی زانی، دوای ئەوە لەگەڵ کەسوکارەکانمان قسەیکرد و لەگەڵ [بەرپرسانی] لیبیا قسەیکرد [بەتایبەت] خانەوادەی حەفتەر و لەو رێگەیەوە ئازادکراین."

 

دلشاد نەوزاد، یەکێکی دیکەیە لەو گەنجانە و باس لەوە دەکات کە دەیانویست بچنە ئەوروپا، "بەڵام زۆر ستەمیان لێکردین و ئێمە چووینە لیبیا کە نەماندەزانی ئەوە لیبیایە تاوەکو ئەوکاتەی خۆمان رادەست کرد. بە بیانووی ئەوەی پێمانی گوتبوو [قاچاخچی پێیانی گوتووە] لە میسر بمێننەوە دەتانبەینە ئەوروپا، بەڵام ئێمەیان بردە سنوورێک کە نەماندەزانی کوێیە."
 
ئەو گەنجانە ژمارەیان حەوت کەسن، شەش کەسیان دانیشتوونی ناحیەی مانگێشکن و یەکێکی دیکەیشیان دانیشتووی شیلادزێیە، بچووکترینەکەیان تەمەنی 17 ساڵە و ئەوەشی کە لە هەموویان گەورەترە، تەمەنی 27 ساڵە و هیچ کامێکیان خێزاندار نین.
 
ئەو گەنجانە لەنێوان پێنج قاچاخچیدا تووشی ئەو رووداوە بوون. عەبدولسەلام سادق، باوکی یەکێک لە گەنجە گەڕاوەکانی لیبیا گوتی، "سوپاس بۆ خوا کە هاتنەوە، زۆر سوپاس بۆ خوا و سوپاسی هەموو ئەوانە دەکەین کە هاریکاری ئەوانی کردبێت بە تایبەت کەناڵی رووداو."
 
خەمێ ئەحمەد کە دایک و پووری دوو لەو گەنجانەیە دەڵێت، پێشتر بێهیوا بووە لەوەی کە بگەڕێنەوە، بەڵام ئێستا دڵخۆشە بەوەی کە گەڕاونەتەوە، "چونکە پێشتر هیچ کەسێک زانیاری لەبارەیانەوە نەبوو، هەر دەیانگوت باشن، باشن، بەڵام هیچ وانەبوو و کەس زانیاری نەبوو."
 
ئەو گەنجانە 48 رۆژیان لە چوار زیندانی شارەکانی توبروق و بەنغازی لە لیبیا بەڕێکرد، دواتر لە هۆتێلێکی ئەو وڵاتە ماونەتەوە تاوەکو ئەو کاتەی رێکارەکانی ناردنەوەیان تەواو بووە. ئەوان دەڵێن، ئیدی بیر لەوە ناکەنەوە جارێکی دیکە بچنە دەرەوەی وڵات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کۆمەڵی دادگەری

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری لە هەر 4 بازنەکەی هەرێمی کوردستان بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە. سەرۆکی لیستی ئەو حیزبە لە بازنەی هەولێر دەڵێت، خەڵک لە دەرەوەی کۆمەڵیش ویستبێتی لەسەر لیستی ئەوان خۆی بەربژێر بکات، پەسندیان کردووە.