دەستپێشخەریی نادیە موراد: دەبێ ئێزدییەکان لە سیستمی ئەمنی و کارگێڕییدا بەشداربن

20-08-2021
ئاسۆ فیشەگی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

نوێنەری کامپەینی "دەستپێشخەریی نادیە موراد" دوای دیداری لەگەڵ نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق رایگەیاند، دەبێ کوردانی ئێزدی لە سیستمی ئەمنی و کارگێڕیی ناوچەکانیاندا بەشداربن.
 
عابد شەمدین، نوێنەری کامپەینی "دەستپێشخەریی نادیە موراد" سەبارەت بە دیداری لەگەڵ جینین بلاسخارت، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، ئەمڕۆ هەینی 20-8-2021 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەگەڵ خاتوو بلاسخارت لە بەغدا کۆبووینەوە و بۆردوومانی چەند رۆژی رابردووی تورکیامان بۆسەر شنگال تاوتوێکرد. نەتەوە یەکگرتووەکانمان ئاگادارکردەوە لەو ترسەی کە تورکیا لە دڵی ئێزدیە گەڕاوەکان بۆ شنگال دروستی کردووە؛ بۆیە چارەسەری درێژخایەن بریتییە لە بەدیهێنانی سەقامگیریی ئەمنی و بەشداریپێکردنی ئێزدیەکان لە دەسەڵات و کارگێڕیی خۆجێیی لە شنگال."
 
عابد شەمدین گوتیشی: "ئێزدیەکان ناچارن لەنێوان دوو بژاردە یەکێکیان هەڵبژێرن. یەکەمیان مانەوەیە لە کەمپەکاندا کە مەترسیی ئاگرکەوتنەوەیان هەیە. دووەمیشیان گەڕانەوەیە بۆ ناوچەکانی خۆیان کە کێشەی سیاسییان تێدا یەکلایی دەکرێتەوە. بۆیە دەستپێشخەریی نادیە موراد لەگەڵ دەسەڵاتە خۆجێییەکان و نێودەوڵەتییەکان بەردەوام دەبێت لە بەرگریکردن لە بژاردەی دادپەروەرانە کە ئەویش بەشداریپێکردنی ئێزدیەکانە لە سیستمی ئەمنی و کارگێڕیی لە ناوچەکانیان."
 
نوێنەری کامپەینی "دەستپێشخەریی نادیە موراد" ئاماژەی بەوە کرد کە "نەتەوە یەکگرتووەکان کەمتەرخەمی لە هاوکاریکردنی ئێزدییەکان نەکردووە، بەڵام ئەوەی راستی بێت هێشتا بەشێکی زۆری ئێزدیەکان لە کەمپەکاندا نیشتەجێن. بۆیە پێویستە کاری زیاتر بکرێت بۆ گەڕانەوەی ئاوارە ئێزدیەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان و نەتەوە یەکگرتووەکانیش ئەمڕۆ بەڵێنی پێداین کە هەوڵ بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجە دەدات، ئەوەش لە چوارچێوەی رێککەوتنی شنگال."
 
هەرچەندە رێککەوتنی نێوان حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان لەبارەی ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال لە تشرینی یەکەمی 2020 واژۆکرا، بەڵام تاوەکو ئێستا بەشێکی زۆری جێبەجێ نەکراوە.
 
رێککەوتنەکە لە چەند خاڵێک پێکهاتووە کە دیارترینیان دەرکردنی هەموو هێزە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی و هێزەکانی نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستانە - پەکەکەیە لە شاری شنگال؛ هەروەها راسپاردنی ئەرکی پاراستنی ئاسایشی شارەکەیە بە پۆلیس و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و هەواڵگریی فیدراڵی، ئەوە جگە لە دانانی قایمقامێکی نوێ بۆ شنگال و ئاوەدانکردنەوەی شارەکە و رەخساندنی زەمینە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان.
 
"دەستپێشخەریی نادیە موراد"، بریتییە لە کامپەینێکی چالاکی بە سەرۆکایەتیی نادیە موراد، کچە کوردی ئێزدی رزگاربووی دەستی داعش و براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی.
 
کامپەینی "دەستپێشخەریی نادیە موراد" کار بۆ رازیکردنی حکومەتەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکات بە پاڵپشتیکردنی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی ناوچەکانی کوردانی ئێزدی، هەروەها پاڵپشتیکردنی رزگاربووانی تووندوتیژیی سێکسی لە ئاستی جیهان.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە