حاجییە کوردەکان لە کوردستان قوربانی دەکەن

20-08-2018
سیروان عەباس
نیشانەکردن حەج
A+ A-

رووداو - هەولێر 

بەڕێوەبەری راگەیاندنی حەجی هەرێمی کوردستان دەڵێت، حاجییانی هەرێمی کوردستان لە کوردستان قوربانی دەکەن و سەرجەم خێوەتەکانی حاجییە کوردەکانیش لە عەرەفە ئاڵای کوردستانی بەسەرەوەیە.

نەبەز ئیسماعیل، بەڕێوەبەری راگەیاندنی حەجی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "حاجییانی هەرێمی کوردستان لە کوردستان قوربانی دەکەن و بە کۆی دەنگ ئەو بڕیارەشیانداوە بۆ ئەوەی جگە لە خێرەکەی، سوودی بۆ هاونیشتمانییانی کوردستان هەبێت، هەروەها سەرجەم خێوەتەکانی حاجییە کوردەکانیش لە عەرەفە ئاڵای کوردستانی بەسەرەوەیە".

 بەڕێوەبەری راگەیاندنی حەجی هەرێمی کوردستان دەڵێت، تەندروستی حاجییانی هەرێمی کوردستان زۆر باشە و تیمی تەندروستی گەڕۆک و ئامبوڵانس ئامادەیە بۆ بە هاناوەچوونی هەر حاجییەک کە پێویستی پێیبێت.

نەبەز ئیسماعیل ئاماژەی بەوەشکرد، کە هاوئاهەنگییەکی پتەویان لەگەڵ ئیدارەی حەجی عێراق هەیە، بەڵام شوێنیان جیاوازە و خێوەتی حاجییانی کوردستان ئاڵای کوردستانی بەسەرەوەیە.

سەبارەت بە بەتەمەنترین حاجی هەرێمی کوردستانیش کە ناوی حاجی حەمەد سکتانییە، نەبەز ئیسماعیل گوتی: "حاجی حەمەد تەمەنی 98 ساڵە و تەندروستی زۆرباشە، لەکاتی پشووەکاندا چیرۆک و بەسەرهاتەکانی چەند دەیەیەک لەمەوبەر بۆ حاجییان دەگێڕێتەوە".

ئەم رۆژانە هەردوو شاری مەککە و مەدینە بەهۆی فەریزەی حەج زۆر قەرەباڵخن. بەرپرسانی سعودیە دەڵێن، زیاتر لە دوو ملیۆن کەس لە وڵاتانی جیاوازی جیهانەوە روویان لەو دوو شارە کردووە بۆ ئەنجامدانی ئەو ئەرکە ئایینییە. 

فەریزەی حەج بە یەکێک لە پێنج پایەکانی ئایینی ئیسلام دادەندرێت و ئەو کەسانەش کە بواری دارایی و جەستەییان یارمەتیدەرە، لێیان داواکراوە جارێک لە ژیانیاندا ئەو فەریزەیە ئەنجام بدەن. 

ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستانەوە پێنج هەزار و 469 زیارەتکار بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج سەردانی مەککە و مەدینەیان کردووە. 



کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە