رێکخراوێکی جووتیاران: دەبێت کۆمپانیا تایبەتەکان گەنمی جووتیاران بە نرخی فەرمی وەربگرن

 
 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی رێکخراوی جووتیارانی سەردەم دەڵێت، دەبێ کۆمپانیاکانی قەیوان و خۆشناو لانیکەم 200 هەزار تۆن گەنمی جووتیاران بە نرخی عێراق وەربگرن؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ''هێشتا بە سەتان بارهەڵگر گەنمی جووتیاران وەرنەگیراوە یان رەتکراوەتەوە". 
 
ئەمڕۆ شەممە 20-07-2024، مام فارس، سەرۆکی رێکخراوی جووتیارانی سەردەم، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە هەولێر هەندێک داواکاریی رێکخراوەکە و ژمارەیەک لە جووتیارانی خستەڕوو.
 
مام فارس رایگەیاند، بەرهەمی ئەم ساڵی جووتیارانی هەرێمی کوردستان زۆر بوو، ''بەڵام بەداخەوە حکومەتی عێراق هەموو بەرهەمەکەی لێ وەرنەگرتین و تەنیا 700 هەزار تۆنی وەردەگرێت''. 
 
ئەمڕۆ دوایین رۆژی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کورستانە.  سەرۆکی رێکخراوی جووتیارانی سەردەم گوتی: ''بەداخەوە گەنمێکی زۆرمان ماوەتەوە کە حکومەتی عێراق دەبوایە هەموو بەرهەمەکەمانی وەک نێوەڕاست و خوارووی عێراق وەرگرتبا، بەڵام کەمتەرخەمییەکە لە هەردوو لایەن [هەردوو حکومەت] بوو کە لێی وەرنەگرتین.''
 
بەگوتەی مام فارس، لە ماوەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاراندا بڕێکی زۆریش گەنم بە ''ناحەق'' رەتکراوەتەوە و وەرنەگیراوە.
 
بەپێی دابەشکاریی وەرگرتنی گەنم، لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە 282 هەزار و 660 تۆن گەنم وەردەگیرێت، لە پارێزگای هەولێر 228 هەزار تۆن و لە پارێزگای دهۆک 189 هەزار تۆن وەردەگیرێت کە ئەمڕۆ دوایین وادەیە بۆ رادەستکردنی.
 
سەرۆکی رێکخراوەکە دەڵێت: ''ئێستا کە وادەی وەرگرتنی گەنم تەواو بووە، جووتیارانی کوردستان گەنمێکی زۆریان ماوەتەوە و کەسیش نییە لێیان وەربگرێت؛ سەتان بارهەڵگر لە رێگەی مەخموور و دیبەگە وەستاون.''
 
دوای ئەوەی وەرگرتنی 700 هەزار تۆن گەنم لە هەرێمی کوردستان لە ئاست چاوەڕوانیی جووتیاراندا نەبوو، لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت، دوو کۆمپانیای قەیوان و خۆشناو راسپێردران بڕێکی دیکە لە گەنمی جووتیاران وەربگرن.
 
مام فارس لەوبارەوە گوتی: ''کۆمپانیای قەیوان و خۆشناو قسەکەیان ئەوەیە کە وەک عێراق گەنمی جووتیاران بە نرخێکی گونجاو وەربگرن، بەڵام ساڵانی رابردوو ستەمیان لە جووتیارانی کورد کرد و گەنمەکەیان بە نرخێکی کەم وەرگرت و زۆریشیان لێ بڕی.''
 
لیژنەیەکی باڵا لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی دەستەی وەبەرهێنان، نرخی وەرگرتنی گەنم بۆ کۆمپانیاکانی قەیوان و خۆشناو دیاری دەکات. سەرۆکی رێکخراوی جووتیارانی سەردەم داوا دەکات، ''نرخی دیاریکراو بۆ وەرگرتنی گەنمەکە، هاوتای نرخی عێراق بێت.''
 
عێراق بۆ هەر تۆنێک گەنم 850 هەزار دینار دەداتە جووتیاران.