کچێک لە رانیە بە سەیرکردنی تەلەڤیزیۆن و خوێندنەوە فێری زمانی چینی بووە

رووداو دیجیتاڵ 

کچە کوردێکی باشووری کوردستان بە چینیێکی رەوان قسە دەکات و دەنووسێت. بارین ئەدیب ـی تەمەن 15 ساڵ لە رێگەی کتێب، موبایل و سەیرکردنی تەلەڤیزیۆنەوە فێری زمانی چینی بووە.
 
بارین قوتابی پۆلی یازدەی ئامادەییە و دانیشتووی رانیەیە، دوای ئەوەی خۆی فێری زمانی چینی کردووە، لە رێگەی خێزانەکەیەوە پەیوەندیی بە باڵیۆزخانەی چین لە هەرێمی کوردسان کردووە، لەوێشەوە دەبرێتە وڵاتی چین، پاشان بەشداری لە بەرنامەی ئاڵوگۆڕی کولتووری دەکات و وەک باڵیۆزی لاوی کولتووری عێراق لە چین هەڵدەبژێردرێت.
 
بارین ئەدیب، باڵیۆزی لاوی کولتووری عێراق لە چین دەڵێ ''توانیم بەشداری لە فێستیڤاڵی لاوی کولتووریی عێراق لە چین بکەم. زۆر سەرسام بوون کە من وەک عێراقییەک بەشدار بووم. بەداخەوە بەکەمی کوردیان دەناسی، بەڵام لەو ماوەیەدا هەوڵمدەدا کوردیان پێ بناسێنم.''
 
لە قۆناخی یەکەمی پێشبڕکێکە، 361 کەس لە 30 وڵاتی جیاوازەوە بەشدار بوون، بارین تاکە کورد و عێراقی بووە لەو بەشداربووانە.
 
ئەدیب مەمەند، باوکی بارین دەڵێ ''کە بینیم حەزی لە فێربوونە و توانای هەیە، پێشنیاری زمانی چینیم بۆ کرد، ئەویش دەستیپێکرد و رۆژ لە دوای رۆژ باشتر دەبوو. سەرەتا لەو باوەڕەدا نەبووم بەو خێرایە فێری زمانی چینی ببێت، لەرێگەی یەک، دوو ئەپی مۆبایل زوو فێر بوو.''
 
خوو، مامۆستای زمانی چینییە لە هەرێمی کوردستان. هاوکار و رێنیشاندەری بارین بووە لە بەرەوپێشوەچوونی ئاستی زمانی چینی. سەرسامە بە تواناکانی بارین.
 
مامۆستا خوو، مامۆستای زمانی چینی لە زانکۆی سەڵاحەدین سەبارەت دەڵێ "زۆر دڵخۆشم لەبەرئەوەی بارین تەنیا تەمەنی تەنیا 15 ساڵە و ئەو داوای هاوکاری لە کونسوڵخانەی چین کرد بوو. کۆنسووڵخانەش داوای لێکردم فێری زمانی چینی بکەم. سەرەتا هەفتانە یەک وانە بوو؛ یەک بۆ دوو کاژێر، بەڵام بارین خۆی زۆر ماندوو دەکرد، زۆری دەخوێند. ئێستاش ئاستی زۆر پێشکەوتووە و بووەتە نموونەیەکی باش بۆ خوێندکارانی دیکە."
 
لە هەرێمی کورستان خەڵکانێکی زۆر خوازیاری فێربوونی زمانی چینین، لە ساڵی 2019ـشەوە بەشی زمانی چینی لە زانکۆی سەڵاحەدین لە هەولێر کراوەتەوە، پار 20 خوێندکار لەو بەشە بڕوانامەی زمانی چینییان بەدەستهێناوە.
 
لوو جوون، کۆنسووڵی گشتیی چین لە هەرێمی کوردستان سەبارەت بە بارین دەڵێ "ئێمە، خۆشحاڵ بووین بەوەی بیستمان بارین وەکو باڵیۆزی بچووکی کولتووری عێراق لە چین هەڵبژێردراوە. ئەو بەشداری لە بەرنامەیەکی ئاڵوگۆڕی کولتووری نێودەوڵەتی کرد، کە لەلایەن دامەزراوەی چینی بەناوی سونگ چینگ لینگ، رێکخرابوو، کە یەکێکە لە رێکخراوە ناحکومییە بەناوبانگەکان لە چین. بارین هێشتا زۆر منداڵە و ئەو لە تەمەنی 10 ساڵییەوە زمانی چینی دەخوێنێت.''
 
بارین جگە لە زمانی چینی، زمانی ئینگلیزی بە باشی دەزانێت و ئێستا سەرقاڵی فێربوونی زمانی ئیسپانیشە.