دانەوێڵەی سلێمانی: دوایین رۆژی وەرگرتنی گەنمە و کاتەکەی درێژ ناکرێتەوە

20-07-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ دوایین رۆژی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانە. بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانیی دانەوێڵەی سلێمانی دەڵێت، ئەو بڕەی دیاریکراوە وەردەگیرێت و کاتەکە درێژ ناکرێتەوە.
 
ئەم ساڵ حکومەتی عێراق 700 هەزار تۆن گەنمی جووتیاران وەردەگرێت و وەرگرتنەکە 06ـی حوزەیران دەستیپێکرد. بەپێی دابەشکاریی وەرگرتنی گەنم، لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە 282 هەزار و 660 تۆن گەنم وەردەگیرێت، لە پارێزگای هەولێر 228 هەزار تۆن و لە پارێزگای دهۆک 189 هەزار تۆن وەردەگیرێت.
 
نەسرین ئەحمەد عەلی، بەڕێوەبەری بازرگانیی دانەوێڵەی سلێمانی ئەمڕۆ شەممە 20-07-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لەو بڕەی بۆ سلێمانی دیاریکراوە 273 هەزار تۆنی وەرگیراوە و ئەوەشی ماوەتەوە ئەمڕۆ وەردەگیرێت."
 
لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە 6 سایلۆ هەن. نەسرین ئەحمەد دەڵێت، تاوەکو ئەمڕۆ 28 ملیار دینار پارەی گەنم بۆ سنووری ئەو 6 سایلۆیە نێردراوە.
 
هەر ئەمڕۆ بەرپرسێک لە سایلۆی هەولێر بە رووداوی گوت، وەرگرتنی گەنم ئەمڕۆش بەردەوامە و بەگوێرەی ئەو پلانەی دانراوە ئەمڕۆ دوایین رۆژی وەرگرتنی گەنم دەبێت.
 
بەپێی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، بەرهەمی گەنم لە هەرێمی کوردستان ساڵانە زیاتر لە یەک ملیۆن تۆنە. ئەم ساڵ بەگوێرەی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا، حکومەتی عێراق 700 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستان وەردەگرێت و بۆ هەر تۆنێک 850 هەزار دینار دەداتە جووتیاران.
 
ساڵی رابردوو 500 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستان وەرگیرا. ساڵی 2022 بەهۆی وشكەساڵی و کەم بارانییەوە بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان کەم بوو، بۆیە حکومەتی عێراق بێ سنوور گەنمەکەی وەرگرت، کە زیاتر لە 300 هەزار تۆن بوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی ورمێ.

پلاندانانی ورمێ: بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکان پێویستمان بە 262 ملیۆن دۆلارە

سەرۆکی رێکخراوی بەڕێوەبردن و پلاندانانی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکانی پارێزگاکە کە بەشی زۆریان راگیراون، پێویستیان بە زیاتر لە 262 ملیۆن دۆلارە.