چیرۆکی ئەو گەنجەی دوای 19 جار تاقیکردنەوەی ئینگلیزی لە پۆلی 12 دەرچوو

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
حەیدەر دۆسکی
چیرۆکی دەرچوونی شیمال
چیرۆکی دەرچوونی شیمال
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

گەنجێکی سنووری دهۆک دوای 10 ساڵ لە دەرنەچوون لە پۆلی 12ـی ئامادەیی، ئەمساڵ توانی گرێکوێرەی دەرنەچوونی بکاتەوە، کە وانەی زمانی ئینگلیزی بوو.
 
شیمال عەبدولرەحمان، لە مزگەوتێک کە رۆژانە لێی دەخوێند، دانیشتووە و سەرجەم ناسنامەکانی تایبەت بە بەشداریکردن لە تاقیکردنەوەکان نیشانی رووداو دەدات. 
 
ناسنامەکانی نیشانی دەدەن لە ساڵی 2014ـەوە خەریکی تاقیکردنەوەی پۆلی 12ـی وێژەییە تاوەکو ئەمساڵ.
 
شیمال عەبدولرەحمان، دەرچووی 12ـی وێژەیی دەڵێ "ساڵێک چوومە قوتابخانە و لە تاقیکردنەوە نیشتمانییەکان دەرنەچووم، ساڵی دواتر کردمە تاقیکردنەوەی دەرەکی، لە هەموو وانەکان دەرچووم جگە لە ئینگلیزی، ئەمەش بەردەوام بوو تاوەکو 10 ساڵ."
 
ئەو گەنجە خێزاندارە، جگە لە پێشمەرگایەتی، چوار کاری دیکە دەکات. دەڵێ "من، مەلایەتی دەکەم، جووتیارم، ئۆتۆمبێلی بەرزکەرەوەی بلۆکم پێیە و کرێکاریش دەکەم، هەروەها پێشمەرگەشم."
 
خەڵکی گوندەکەی گوندی چەلکێ لە دەڤەری بەرواری باڵا هەموویان بە دەرچوونی شیمال دڵخۆشن، یەکێک لە دڵخۆشترینەکانیش باوکییەتی کە تاڕادەیەک لە سەرکەوتنی کوڕەکەی بێهیوا ببوو.
 
عەبدولرەحمان چەلکی، باوکی شیمال دەڵێ "هەرگیز باوەڕم نەدەکرد شیمال دەربچێت. من لێی بێهیوا ببووم، گوتم 'بەسە چیدیکە مەچۆ تاقیکردنەوە و شەرمە.' بەڵام گوتی 'بە خوا هەر دەچم.' هەرگیز باوەڕم نەدەکرد دەربچێت، ئێستاش باوەڕ ناکەم."
 
ئەو مامۆستایەی ئەمساڵ وانەی زمانی ئینگلیزیی بە شیمال گوتووە، دەرچوویەکی ئەمساڵی زانکۆی زاخۆیە و مامۆستای خۆبەخشە. 
 
زۆلین ناسر، مامۆستای شیمال گوتی "سەرکەوتنی ئەو، وەک سەرکەوتنی خۆم دەبینم. ئەو پێش دوو بۆ سێ هەفتە لە تاقیکردنەوە گوتی حەزدەکەم رێگەیەکم نیشان بدەی تاوەکو لە وانەی ئینگلیزی دەربچم، منیش گوتم بەسەرچاو، رۆژانە دوو جار دەهات و شەویش دەهات."
 
شیمال 19 جار تاقیکردنەوەی زمانی ئینگلیزی کرد، ئەو پەیمانی بە خۆی دابوو تاوەکو پۆلی 12 بەسەرکەوتووی نەبڕێت، دەستی لێ هەڵنەگرێت.

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە