لە رۆژهەڵاتی کوردستان ژینگەپارێزان بەبێ ئامێری پێویست هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکان دەکەن

رووداو دیجیتاڵ 

چالاکڤانانی ژینگە لە لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان، بەهۆی نەبوونی پێداویستی ئاگرکوژاندنەوە، ناچارن بە دەستی خۆیان هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگری دارستان و لەوەڕگەکانی دەوروبەری خوڕماوا بدەن.
 
ناوەندیی قەیرانی لوڕستان، دەڵێت، ئەم ساڵ ئاگرکەوتنەوەکانی ناوچەکە زیانی زۆری لێکەوتووەتەوە و زۆربەشیان "بەدەستی ئەنقەست" بوون.
 
مێهدی پازووکی، بەڕێوەبەری ناوەندیی کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای لوڕستان: "بەداخەوە لە سەرەتای ساڵەوە تاوەکو ئێستا، زیاتر 200 ئاگرکەوتنەوە لە پارێزگاکەماندا روویداوە، کە نزیکەی سێ هەزار و 100 هێکتار لەوەڕگە و دارستان و زەویی کشتوکاڵی لەنێوچوون. دوای بەدواداچوونی پارێزگار و ناوەندیی کۆنترۆڵی قەیران، 340 جووتیار، گەشتیار و هاونیشتمانیی ئاسایی پارێزگاکە، بە تاوانی ئاگرەکان، رادەستی دادگەی پارێزگای لوڕستان کراون."
 
لە چیای قولەڕەنگی ئیلام کە لە پێشنیوەڕۆی رۆژی 19-07-2024ـەوە ئاگرکەوتەوە؛ هەرچەندە باس لە کۆنترۆڵکردنی دەکرێت، بەڵام هێشتا ناوەندیی کۆنترۆڵی قەیرانی ئیلام، دەڵێت، لێی ئەرخەیان نییە.
 
بەپێی راپۆرتی سەرچاوە سرووشتییەکانی ئیلام، ئەم ساڵ 68 جار ئاگر لە دارستان و لەوەڕگەکانی ئەو پارێزگایە کەوتووەتەوە و 90%ـی ئاگرکەوتنەوەکان بەهۆی ئاگرتێبەردانی پاشماوەی زەوییە کشتوکاڵییەکان بووە.
 
محەممەد بیگلەریان، بەڕێوەبەری ناوەندیی کۆنترۆڵی قەیرانی ئیلام رایگەیاند: "چونکە ناوچەیەکی شاخاویی رژدە، هەوڵماندا لە رێگەی ئاسمانییەوە ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەین. تاوەکو ئێستا 9 جار فڕۆکەکانمان گەیشتوونەتە سەر ئاگرەکە و خەڵک، هێزەکانی مانگی سوور و هەوروەها هێزەکانی ناوەندە پەیوەندیدارە حکومییەکانیش، یارمەتییان داوین لە کۆنترۆڵی ئاگرەکە. تا رادەیەکیش ئاگرەکە کۆنترۆڵکراوە، بەڵام پێویستە هەندێک لە کارمەندانی سەرچاوە سرووشتییەکان لە شوێنی ئاگرەکە بمێننەوە بۆ چاودێریکردنی."
 
ئەو کێشەیە لە پارێزگای کرماشان و سنەش بە هەمان شێوە بەردەوام بووە، هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکانی ئەو دوو پارێزگایەش "بە ئەنقەست"، یان "سووتاندنی پاشماوەی زەوییە کشتوکاڵییەکان بووە." بابەتێک کە لە دەستووری ئێراندا، بە تاوان هەژمار کراوە و دوای بەدواداچوونی فەرمی، سزا بەسەر بکەرانیدا دەسەپێندرێت.
 
عەلی ئەسەدی یادگار، داواکاری گشتیی کرماشان کرماشان لەوبارەیەوە دەڵێت: "بەپێی دەستوور، سووتاندنی پووش و پەڵاشی زەوییە کشتوکاڵییەکان، هەڕەشەیە لەسەر ژینگە و بە تاوان هەژمار دەکرێت. پێویستە جووتیاران رەچاوی ئەو مادەیەی دەستوور بکەن، ئەگینا بەگوێرەی یاسا، سزا دەدرێن."
 
ساڵانە لە وەرزی هاویندا، رووبەرێکی زۆری دارستان و لەوەڕگەی رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی ئاگرکەوتنەوەوە، لەنێو دەچن و بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکان ئەم ساڵ ئەو رووبەرە بە زیاتر لە 10 هەزار هێکتار مەزندەکراوە.