حکومەتی عێراق بڕیاریدا نەخۆشخانە 291 قەرەوێڵەییەکەی رانیە تەواو بکرێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاریدا پارەی پێویست بۆ تەواوکردنی نەخۆشخانە 291 قەرەوێڵەییەکەی رانیە تەرخان بکرێت.
ئەمڕۆ (شەممە، 20-07-2024) سۆران عومەر، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، مانگی رابردوو لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا، بڕیاردرا پارە بۆ تەواوکردنی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رانیە تەرخان بکرێت.
بە گوتەی سۆران عومەر، تەواوکردنی نەخۆشخانەکە 60 ملیار دیناری پێویستە.
لە نووسراوەکەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراقدا کە ئاراستەی ئەمیندرایێتی گشتیی ئەنجوومەنی نوێنەران کراوە، رەزامەندی لەسەر خەرجکردنی پارە بۆ تەواوکردنی ئەو نەخۆشخانە دراوە.
نەخۆشخانەی 291 قەرەوێڵەیی لە رانیە، دوای تەواوکردنی 70%ـی کارەکانی، 12 ساڵە بە تەواونەکراوی جێهێڵراوە. پرۆژەکە بە گوژمەی 107 ملیۆن دۆلار لە ساڵی 2012 چووەتە واری جێبەجێکردنەوە؛ دەبوو لە دوو ساڵدا بکرێتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا نەکراوەتەوە و دانیشتووانى سنوورەکەش لە چاوەڕوانیی تەواوبوونیدان.
بە تەواوبوونی ئەو پرۆژەیە، هەلی کار بۆ 500 دەرچووی بەشە پزیشکییەکان دەڕەخسێت.
ژمارەی دانیشتووانی راپەڕین نزیکەی 500 هەزار کەسە، لە سنوورەکەدا 119 نەخۆشخانە، بنکە و مەڵبەندی تەندروستی هەن، بەشی زۆری باڵەخانەکان کۆن و بچووکن و ژمارەیەک بنکەی تەندروستیش لە کابینەدا دەوام دەکەن.