بەڕێوەبەری سایلۆی شێخان: 94٪ـی ئەو گەنمەمان وەرگرتووە کە بۆمان دیاریکرابوو


رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری سایلۆی شێخان دەڵێت، نزیکەی 94٪ـی ئەو گەنمەیان وەرگرتووە کە بۆ سایلۆکە دیاریکراوە. گوتیشی، تاوەکو کاژێر 12ـی شەو لە وەرگرتنی گەنم بەردەوام دەبن.

ئەمڕۆ شەممە، 20-07-2024، دوایین رۆژی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانە؛ بەڵام دەیان بارهەڵگر بە گەنمەوە لە دهۆک ماونەتەوە و هێشتا گەنمەکەیان وەرنەگیراوە. خالید بیبۆ، بەڕێوەبەری سایلۆی شێخان بە ئەیوب نەسری، پەیامنێری رووداوی رایگەیاند، ''گەنمی جووتیارانی سنووری قەزاکانی شێخان، ئاکرێ و بەردەڕەش لە سایلۆکە وەردەگیرێت.''
 
سایلۆی شێخان گەورەترین سایلۆیە لەسەر ئاستی پاریزگای دهۆک و 97 هەزار تۆن گەنم دەگرێت. خالید بیبۆ ئاماژەی بەوە کرد، ''رۆژانە نزیکەی 200 بارهەڵگر گەنمی جووتیارانی سنووری ئەو سێ قەزایە وەردەگرین.''
 
دوێنێ لە سایلۆی شێخان 43 بارهەڵگر گەنمی جووتیاران بەهۆی کوالێتیی نزم و هەبوونی مێروو تێیدا، رەتکراوەتەوە و وەرنەگیراوە. وەک بەڕێوەبەری سایلۆکە ئاماژەی دا، ''ئەو دەرفەتەیان پێدەدرێت بۆ ئەوەی رۆژی دواتر بە کوالێتییەکی باشترەوە دووبارە گەنمەکەیان رادەست بکەن، ئەمەش هۆکارە بۆ قەرەباڵخیی زیاتری ئەمڕۆی سایلۆکە.''
 
خالید بیبۆ ئەوەشی خستەڕوو، تاوەکو کاژێر 12ـی شەو دەرگەی سایلۆکە بە کراوەیی دەمێنێتەوە و هەوڵدەدرێت سەرجەم گەنمی ئەو بارهەڵگرانە وەربگیرێت کە لە بەردەم  سایلۆی شێخان وەستاون.
 
بەگوتەی بەڕێوەبەری سایلۆی شێخان، ''تاوەکو ئێستا نزیکەی 94٪ـی ئەو بڕە گەنمەمان وەرگرتووە کە بۆمان دیاریکراوە و ئەمڕۆ رێژەکە دەگاتە نزیکەی 98٪ و تەنیا بڕێکی کەم دەمێنێتەوە کە هیوادارین بۆ وەرگرتنی، وادەکە درێژ بکرێتەوە.''
 
 وەک خالید بیبۆ گوتی، بە شێوەی فەرمی داوایان لە حکومەتی عێراق کردووە وادەی وەرگرتنی گەنم تاوەکو 04-08-2024 درێژ بکرێتەوە و دەرگەی سایلۆکان بە کراوەیی بمێننەوە.
 
ئەم ساڵ حکومەتی عێراق 700 هەزار تۆن گەنمی جووتیاران وەردەگرێت و وەرگرتنەکە 6ی حوزەیران دەستیپێکرد. بەپێی دابەشکاریی وەرگرتنی گەنم، لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە 282 هەزار و 660 تۆن گەنم وەردەگیرێت، لە پارێزگای هەولێر 228 هەزار تۆن و لە پارێزگای دهۆک 189 هەزار تۆن وەردەگیرێت.
 
بەپێی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، گەنم لە هەرێمی کوردستان ساڵانە زیاتر لە یەک ملیۆن تۆنە. ئەم ساڵ بەگوێرەی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا، حکومەتی عێراق 700 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستان وەردەگرێت و بۆ هەر تۆنێک 850 هەزار دینار دەداتە جووتیاران.