چاکسازییەکان: 5 قوتابیی حوکمدراو لە زیندانەوە تاقیکردنەوەکاندا دەرچوون


رووداو دیجیتاڵ

دوێنێ ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی خولی یەکەمی قوتابیانی 12ـی ئامادەیی لە هەرێمی کوردستان راگەیێندرا. بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، پێنج قوتابی لە زیندانەوە لە خولی یەکەمدا دەرچوون، زۆرینەیان لە سلێمانی بوون.
 
ئەمڕۆ شەممە، ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە تەواوی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان 34 قوتابی تاقیکردنەوەی پۆلی 12ـی ئامادەییان کردووە، لەو ژمارەیە پێنج قوتابیان لە خولی یەکەمدا دەرچوون و 29 قوتابییان چوونە خولی دووەم".
 
بەگوێرەی ئاماری چاکسازییەکان بۆ رووداو، ژمارەی ئەو قوتابیانەی تاقیکردنەوەیان کردووە و ئەوانەی لە خولی یەکەم دەرچوون، بەمشێوەیە بووە:
 
- چاکسازیی گەورانی سلێمانی؛ 14 قوتابیی بەشی وێژەیی تاقیکردنەوەیان ئەنجام داوە، لەو ژمارەیە سێ کەسیان لە خولی یەکەمدا سەرکەوتوون.
 
- چاکسازیی گەورانی هەولێر؛ 18 قوتابیی بەشی زانستی و وێژەیی تاقیکردنەوەیان ئەنجام داوە، لەو ژمارەیە دوو کەسیان لە بەشی وێژەیی لە خولی یەکەمدا سەرکەوتوون.
 
- چاکسازیی گەورانی دهۆک؛ دوو قوتابیی بەشی وێژەیی تاقیکردنەوەیان کردووە، بەڵام  کەسیان لە خولی یەکەمدا دەرنەچوون.
 
- چاکسازیی ژنان و منداڵان لە هیچ پارێزگایەک قوتابی 12ـی ئامادەییان نەبووە.
 
به ‌گوێرەی ئامارەکانی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئەم ساڵ 122 هەزار و 15 قوتابی مافی به‌شداربوونیان لە خولی یەکەمی تاقیكردنه‌وه‌ گشتییه‌كانی پۆلی 12دا هەبووە.
 
ئەوانەی لە چاکسازییەکاندا زیندانیکراون، لەسەر تاوانی جۆراوجۆر دۆسێیەکانیان لەلایەن دادوەرەوە یەکلا کراوەتەوە و حوکمدراون.